ژمارەی بینین:
ناونانی عەرەبی یاخود ئایینی؟ ناونای منداڵ و چەند سەرنج و تێبینییەك
نوسەر:م/ صلاح الدين عبد الكريم
یەكێك لەمافەكانی منداڵ لەسەر دایك وباوكی ئەوەیە كەناوێكی خۆشی بۆ هەڵبژێرن وناوی بنێن، بەڵام (خۆش)شتێكی ڕێژەیییەو لەكەسێكەوە بۆكەسێكی تر دەگۆڕێت، مرۆڤی واهەیە ناوێكیزۆر لەلاخۆشە بەڵام بەپێچەوانەوە لەلای كەسێكی تر هەمان ناو زۆر ناخۆشە،هەربۆیە جیاوازی ناوەكان لەناو خەڵكیدا بەئاشكرا دەبینین وهەر كەسێك جۆرە ناوێكی تایبەتی خۆی هەیە وئازادە لەو ناوەی كەلەمنداڵەكەی دەنێت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنج وسەر سوڕهێنانەئەوەیە كە هەندێك لەخەڵكی دەیانەوێت ئەم سەربەستییە لەو كەسانە بێ بەش بكەن كەناوی منداڵەكانیان دەنێن بەناوی ئاینی(ناوە جوانەكانی خوای گەورە، یاخود ناوی پێغەمبەرەبەڕێزەكان(علیهم الصلاە والسلام)، یاخود ناوی هاوەڵەبەڕێزەكان، یاخود ناوی زانایان وپیاو چاكان) بەبیانوی ئەوەی كەئەم ناوانە كوردی نین وعەرەبین!!! بەبێ ئەوەی جیاوازی بكەن لەنێوان ناوی ئاینی وناوی عەرەبی ئیتر ئایا بەنەزانی بێت یاخود بەمەبەستەوەبێت، وەهەركامێكیان بێت ئەوا(أحلاهما مُر)منیش چەند تێبینی یەك لەسەر ئەم جۆرە كەسانەدیاری دەكەم وبەپشتیوانی خوای گەورە دەڵێم:بەروار:٢٠١٤/١١/١٠
1-ڕەخنەگرتن وگوشار خستنە سەر ئەو كەسانەی كەناوی منداڵەكانیان دەنێن بەناوی ئاینی پێشێل كردنی ماڤی مرۆڤ وداگیركردنی سەربەستی وئازادی ئەو كەسانەیەو جۆرێكەلە جۆرەكانی توندوتیژی وتیرۆر( لەگەڵ ئەوەی كە هیچ ڕێگری یەك نی یە لەشەرعدا لەوەی كە مرۆڤ ناوی منداڵەكەی بنێت بەناوی كوردی، وەسەربەستە لەم شتەدا، بەڵام مەبەست ئەوەیە كەخەڵكانی تریش سەربەست بن لەناونانی منداڵەكانیان بەناوی ئایینی.) .
2-پێویستە جیاوازی بكرێت لەنێوان ناوی ئاینی وناوی عەرەبی چونكە ئەو كەسانەی كە ڕەخنەیان لێ دەگیرێت بەوەی كەناوی منداڵەكانیان عەرەبییە!!! لەخۆشەویستی عەرەبدا ناوی منداڵەكانیان نەناوە بە(ناوە جوانەكانی خوای گەورە وناویپێغەمبەران(علیهم الصلاە والسلام)وناوی هاوەڵەئازیزەكان...... ) بەڵكو لەخۆشەویستی خوای گەورەو پێغەمبەران وهاوەڵاندایە، ئەگەر وانییە دەبوایە ئێستا بۆ نمونە لەبەرامبەر ناوی(عبدالله وعبدالرحمن ومحمد وابو بكروعمر..... ) ناوی أبوجهل وأبولهب وعُتبە وعُتیبە وأُمیە.....)هەبوایە خۆئەمانیش هەرعەرەب بوونە، بەڵام كەسێك نابینین كەناویمنداڵەكانینابێت بەم ناوانە، وەكەئەم ناوانە وهاوشێوەی ئەم ناوانە نی یە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەخەڵكی ناوی منداڵەكانیان دەنێن بە(ناوە جوانەكانیخوای گەورە .....) لەخۆشەویستی عەرەب نی یە بەڵكو لەخۆشەویستی خوای گەورەو ئایینەكەیەتی .
3_ئایا ئەو كوردانەی كە موسڵمان نین وجگە لە ئیسلام دینێكی تریان هەیە وەكو گاورو جولەكە و یەزیدی ......)
كاتێك ناوی منداڵەكانیان بەگوێرەی دینی خۆیان دەنێن وناوەكانیان كوردی نییە ئایا هەمان ڕەخنەو گلەیی یان لێ دەكرێت كە لەموسڵمانە كوردەكە دەكرێت؟؟؟
بەدڵنیایی یەوە نەخێر بەڵكو دەوترێت ئازادی یەو هەركەس ئازادە بەگوێرەی ئایین وبیروباوەڕی خۆی ناوی منداڵەكانی بنێت، بەڵام (بانێكەو دوو هەوا).
نەك هەر ئەوەندە بەڵكو ئەو كەسانەی كەموسڵمانیشن وناوی منداڵەكانیان دەنێن بەناوی ئایینەكانی تری جگە لەئیسلام ڕووبەڕووی ئەم ڕەخنەو گلەیی یانە نابنەوە!!
بۆ نمونە: ئێمەخۆمان لە خوێندنگە قوتابیمان هەبووە ناوی (جیڤارا)بووە، وەهەبووە باوكی ناوی (هیتلەر )بووە، وە هەبووە باوكی ناوی (ارسطو)بووە، وەمامۆستا هەبووە ناوی(جاكلین)بووە، هیچ كەسێك ڕۆژێك لەڕۆژان ڕەخنەو گلەیی لەناوەكانیان نەگرتووە هەرچەندە موسڵمانیش بوونە. هەروەها كوردهەبووە ناوی منداڵەكەی ناوە (ساڤیۆلا)!!!لەمەیش زیاتر ئافرەتێكی كورد منداڵی دەبێت ولەپێش چاوی زۆربەی میدیاكانی كوردی وجیهانی ناوی دەنێت (جۆرج بۆش)!!!وەدەڵێت: ئەگەر دووانە بوایە ئەوا ناوی ئەوەی ترم دەنا (تۆنی بلێر)!!!پاشان زۆربەی ڕۆژنامە و كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی كوردی بەشانازی یەوە ئەم هەواڵەیان بڵاوكردەوە بەبێ ئەوەی كەسێك بڵێت ئەم ناوە كوردی نی یە!!!، بەڵام ئەگەر ناوی بنایا (عبدالله، یاخود عبدالرحمن، یاخود....)ئەوا یەكسەر دەوترا ئەم ناوە كوردی نییە!!!
بەڵام ڕەحمەت لەپێشینان كەووتویانە: (بەشیر دەمی سوتاوە فو لەدۆ دەكات).
4-نەزانیوبێ ئاگایی ئەوجۆرە كەسانەی كەئەم ڕەخنانە دەگرن لەوەدا
دەردەكەوێت كەئەگەر كەسێك ناوی منداڵەكەی بنێت بەناوی یەكێك لەپێغەمبەرانەوە ئەوا دیسانەوە پێی دەوترێت ئەم ناوە عەرەبی یە!!! لەگەڵ ئەوەی كەناوی زۆربەی هەرە زۆری پێغەمبەران(علیهم الصلاە والسلام)عەرەبی نی یەو(اعجمی یە)وەكو (نوح، ابراهیم، اسماعیل، اسحاق، یعقوب،
یوسف، هارون، موسی، عیسی........)
فان كنتَ تدري فتلكَ مُصيبــــــــةٌ وان كنتَ لاتــدري فالمُصيبةُ أَعــظــــــمُ
5-زۆربەی هەرە زۆری سەركردایەتی كوردی لەكۆن وتازەدا ناوەكانیان كوردی نییە وئاینییە، ئایائەمە بۆتە ڕێگرو بەربەست لەبەردەمیاندا تا نەتوانن خزمەت بەگەل ونیشتیمانەكەیان بكەن، وە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خزمەتی گەل ونیشتیمانیان نەكردووە وناپاكیان كردووە؟ ئەگەر بڵێن بەڵێ ئەوا ڕەخنەو توانجتان لەهەموو مێژووی كوردو سەركردەكانیشی گرتووە!!!وەئەگەر بڵێن نەخێر كەواتە چ تاوان وخراپییەكی تێدایە ئەگەر مرۆڤ دڵسۆزوخزمەت كاری گەلەكەی بێت وتەنهاناوەكەی كوردی نەبێت وئاینی بێت؟! بەڵام كێشەی ئەم جۆرە كەسانەئەوەیە كەدەڕواننە ناو نەك ناوەڕۆك، وەلەلای ئەم جۆرە كەسانە (ئەوەی سمێڵی سور بێت هەمزە ئاغایە)!!!
6-ئەگەر ئەو كەسانەی كەئەم جۆرە ڕەخنانەدەگرن لەخەمخۆری كوردیانە وئەوەندە دڵسۆزی كوردن بۆچی داكۆكی ناكەن لەسەر داب ونەریتی كوردی وڕوخساروسیمای كوردی وخوڕەوشتی كوردی وجل وبەرگی كوردیو....
لەگەڵ ئەوەی كە خەڵكانێكی یەكجار زۆر هەن كەلەداب ونەریتی كوردی وڕوخسار وسیمای كوردی وخوڕەوشتی كوردی وجل وبەرگی كوردی لایان داوەولەدەستیان داوە، بەڵكو ئەگەر كەسانێك پەیوەست بن بەداب ونەریتی كوردی وخوڕەوشتیكوردی ئەوا بەدواكەوتوو دەژمێردرێن، وەوای لێ هاتووەلەبەركردنی پۆشاكی كوردی بۆتە نیشانەی نەخوێندەواری، بەشێوەیەك كەبەرزترین پلەی خوێندەواریت هەبێت بەڵام پۆشاكی كوردیت لەبەردابێت ئەواكەس پێت نازانێت، بەڵام نەخوێنەواربیت وچاكەت وپانتۆڵ و(رباگ)ت لەبەردابێت ئەوا لەلای خەڵكێكی زۆر خاوەن بڕوانامەی بەرزیت( بەڵكو لەهەندێك شاری كوردستاندا ئەگەر بەرزترین بڕوانامەت هەبێت تەنها جل وبەرگەكەت كوردی بێت ئەوا پێت دەڵێن (وەستا)!! چونكە پۆشاكی كوردی بۆتە هێما بۆنەخوێندەواری.بەڵام ئەگەر هیچ خوێندەواریت نەبێت وئەلف وبێ لێك جیا نەكەیتەوە تەنها پانتۆڵ وچاكەتێكت لەبەردا بێت ئەوا پێت: دەڵێن (مامۆستا)!!!.)!!!
كەئەمەیش بەكەم زانین وبێ ڕێزكردنی جل وبەرگی كوردی یەووادەردەخات كەكورد هەمیشە بێ زاناو داناو بڕوانامە بوونە !
وەبەشێك لەو كوردانەی كەچونەتە هەندەران هەموو ڕوخسار وشێوازێكی كوردیان لەدەست داوە، بۆنمونە پیاوان دەبینیت ڕیش وسمێڵیان تاشیوەو، قژێكیدرێژیان داناوەو قەنافزیان درێژ كردووە، بەشێكیشیان گوارەیان لەگوێ كردووە، هەندێكیشیان هۆگری سەگ بوونەو بەبێ سەگ ناتوانن ژیان بەسەر بەرن(تەنانەت ناوی كوردی بەڕەوا نازانن بۆ سەگەكانیشیان وناوی بیانی لە سەگەكانیان دەنێن!!. )، سەرەڕای هەڵسوكەوت كردنیان كەهیچی پەیوەندی بەداب ونەریتی كوردەواری یەوە نەماوە، وەبەم شێوازەیش دەگەرێنەوە بۆناو كۆمەڵگای كوردی، بەبێ ئەوەی كەسێك بەرهەڵستی بكات و ڕەخنەیان لێ بگرێت، بەڵكو ئەگەر قسە بكەیت لەوانەیە تۆ پیاوخراپ دەرچیت ونامۆبیت بەكۆمەڵگای كوردی ودواكەوتوو نەزان بیت وشتەكەت بەسەردا بشكێتەوە وقەرزار باریش بیت (تاخاوەن ماڵ دزی گرت دزخاوەن ماڵی گرت).
7-بەبۆچونی من بەشێك لەو كەسانەی كەڕەخنە دەگرن لەناوی ئایینی لەكاردانەوەی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕدایە، چونكە سەردەمێك بوو كەڕژێم ناونانی كوردی قەدەغە كردبوو، وە ڕەخنەوتوانجی لەوكەسانە دەگرت كەناویان كوردی بوو،تەنانەت خەڵكی لەسەربەستی ناونانیمنداڵەكانیشیان بێ بەش كردبوو، لەلایەكی تریشەوە بۆ ناشیرین كردن ولەبەرچاوخستنی ئیسلام لەلای خەڵكی هەموودام ودەزگاداپڵۆسێنەر وسەركوت كەرەكانی وشوێنە سەربازی وفڕۆكەوموشەك وجەنگەكانی ناودەنا بەناوی ئایینییەوە، وەلەڕاستیدا لەم سیاسەتەیدا توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت لەلای هەندێك لەخەڵكی بێ ئاگا، وەكاریگەری هەبوولەسەریان، وەتوانی وایان لێ بكات كەڕقیان لەهەموو ناوێكی ئایینی ببێت، چونكە بەم ناوانەوە كورد ستەمی لێ كراوەو چەوسێنراوەتەوە ومافەكانی پێشێل كراوە، بەڵام مرۆڤی كورد دەبێت زۆر لەوە هۆشمەند تر بێت كەئیشەكانی لەكاردانەوەیا بێت وڕژێمێكی فاشی بتوانێت كاری گەری هەبێت بەسەرییەوە، وسیاسەت ومەبەست ومەرامە گڵاوەكانی بۆ بچێتەسەر.
8-لەكۆتایی دا دەمەوێت جەخت بكەمەوە لەسەر ئەوەی كەدەبێت مرۆڤ گرنگی بەناوەڕۆك بدات نەك ناو، من چی بكەم لەكەسێك كەناوەكەی كوردی بێت ودەستی هەبووبێت لەمل شكاندن وكوشتن وچەوساندنەوە ودەربەدەركردن وئاوارەكردنی سەدەها كوردا، لەڕووخاندنی سەدەها ئاوایی كوردا، لەبێ سەروشوێن كردنی سەدەها كوردا؟؟؟!!!.
بەڵام كەسێك كەلەخۆشەویستی خوای گەورەدا ناوی منداڵەكەی ناوە بەناوی ئایینی هەر لەترسی ئەو خوایە ڕۆژێك لەڕۆژان ناتوانێت ناپاكی بكات لەگەل ونیشتیمانەكەی، وەئەرك وفەرمانەكانی سەرشانی بەجوانترین شێوە جێ بەجێ دەكات بەبێ كەمتەرخەمی، ئیتر ئایا زیان بەكێ دەگەیەنێت ئەگەر ناوەكەی ئایینی بێت؟.
[فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ] (الحشر/2).
وصلی الله وسلم وبارك علی نبینا محمد وعلی ێله وصحبه وسلم.
فایلی هاوپێچ
ناوی فایل | کێش | داگرتن |
ناونان2.pdf | ٣٢٥.٩٦ کیلۆ بایت |