ژمارەی بینین:
لابردنی گومان لە سەر میراتی ئافرەتی موسڵمان
نوسەر:م: إدريس محمود
بسم الله الرحمن الرحيمبەروار:٢٠١٤/٠٦/٠٣
الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين، وبعد:
مەسەلەی میراتی ئافرەت یەكێكە لەو مەسەلانەی كە نەیارانی ئایینی ئیسلام بە حیسابی خۆیان كردوویانە بە بەڵگەی بە كەم سەیركردنی ئیسلام بۆ ئافرەت و ڕێز لێ نەگرتنی، وە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆنەكانەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن و ئەوە بە گوێی ئافرەتاندا دەچرپێنن كە ئیسلام لە مەسەلەی میراتیدا ستەمی لە ئافرەت كردووە، بێگومان ئەو كەسانە بە هەڵە تێگەیشتوون، هۆكاری ئەو بە هەڵە تێگەشتنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەو جۆرە كەسانە ئەو ئایەتەی قورئانیان بیستووە كە خوای گەورە دەفەرمووێت:
[يُوصِيكُمُ اللَّهُ فِي أَوْلَادِكُمْ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ] [النساء: 11] .
واتە: خوا ئامۆژگاریتان دەكات لەبارەی منداڵەكانتانەوە كە بۆ نێرینە دوو هێندەی مێینە هەیە . ئیتر هاتوون ئەم ئایەتەیان كردووە بە ڕێسایەكی گشتی ( قاعدة عامة ) و بەسەر هەموو ئەو حاڵەتانەدا گشتگیریان كردووە كە تێیدا ئافرەت میراتی وەردەگرێت، بێگومان ئەم كارەیان هەڵەیەكی گەورەیە چونكە ئەو كەسانە دەبوایە سەرنجی هەموو ئەو ئایەتانەیان بدایە كە لەبارەی میراتی ئافرەتەوە دابەزیون و پاشان ئایەتەكانیان لەگەڵ یەكتردا بەراورد بكردایە، بێگومان ئەو كاتە بۆیان دەردەكەوت كە ئیسلام بە دادپەروەرانەترین شێواز بەشە میراتی ئافرەتی دیاری كردووە بە پێچەوانەی یاسا مرۆڤكردەكانەوە كە بە هیچ شێوەیەك نەیانتوانیوە و ناشتوانن بەو شێوەیە حەقی میراتگری بە ئافرەت بدەن، بەڵام ئەو كەسانەی كە دەڵێن ئیسلام ستەمی لە ئافرەتان كردووە كەسانێكی دڵ نەخۆشن و لە بیانوو دەگەڕێن و نایانەوێ ڕاستیەكان بزانن یان دەیزانن بەڵام لەبەر مەرامی پووچی خۆیان لە خەڵكی دەشارنەوە، بۆیە ئێمەش وەكو خەمخۆرێكی ئایینی حەق و دادپەروەری ( ئیسلام ) هەوڵمان داوە لەم چەند دێڕەدا وەڵامێكی كورت و پوختی ئەو كەسانە بدەینەوە كە لە مەسەلەی میراتی ئافرەتدا ڕەخنە لە ئیسلام دەگرن، لە خوای گەورە داواكارین ڕێنموونی ئەو كەسانە بكات و لەو سەر لێ شێواوییە ڕزگاریان بكات كە تێیدا نقوم بوونە .
حاڵەتەكانی میراتگری ئافرەت لە ئیسلامدا
خوێنەری بەڕێز: لێرەدا تەنها باسی چەند حاڵەتێك دەكەین لەو حاڵەتانە ئەمەش بۆ ئەوەی ڕوونی بكەینەوە كە نێرینە لە هەموو حاڵەتێكدا دوو ئەوەندەی مێینە نابات، بەڵكو جاری واهەیە مێینە دوو ئەوەندەی نێرینە دەبات و جاری وا هەیە بە یەكسانی میرات دەبەن و جاری واش هەیە مێینە میرات دەبات و نێرینە نایبات، بۆیە حاڵەتەكان بەم شێوەیە ڕوون دەكەینەوە:
1 . لەم حاڵەتەدا نێرینە دوو هێندەی مێینە دەبات ئەمەش كاتێك دەبێت كە پیاوێك بمرێت و تەنها كوڕ و كچ وەكو میراتگر لەدوای خۆی بە جێ بهێڵێت وەكو خوای گەورە فەرموویەتی:
[لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ] [النساء: 11].
حیكمەتەكەشی لەوەدایە كەئیسلام ڕەچاوی پێویستی هەریەكە لە نێرینە و مێینەی كردووە و هەندێك مافی بە پیاو داوە و ئەركیشی لەسەر داناوە بەڵام ئافرەتی لە زۆر لەم ئەركانە بەخشیوە بۆ نموونە كاتێك كچ بێت باوك یان برا بەخێوی دەكات، وە كاتێك مێرد بكات مێردەكەی بەخێوی دەكات بەڵام بە پێچەوانەوە نێرینە تاوەكو گەنج بێت دەبێ سەرمایە كۆبكاتەوە بۆ پێكەوەنانی خێزان، وە كاتێكیش خیزان پێكەوە دەنێت دەبێت بژێوی خێزان و منداڵ بدات، ئایا لەم حاڵەتەدا دادپەروەرییە هەردووكیان وەكویەك میراتی ببەن لە كاتێكدا ئەركی سەرشانی پیاو زۆر قورسترە وەك لە هی ئافرەت ؟.
2 . خوای گەورە دەفەرمووێت:
[وَلِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ مِمَّا تَرَكَ إِنْ كَانَ لَهُ وَلَدٌ] [النساء: 11] .
واتە: ئەگەر مردووەكە منداڵی لە پاش بەجێمابوو ئەوە باب و دایكی (مردووەكە) هەریەكێكیان شەشیەك ( 1 / 6 ) ی دەبەن لەوەی كە ( مردووەكە) بەجێیهێشتووە لە ماڵ و سامان .
لەم حاڵەتەدا دەبینین باوك و دایك وەكو یەك میراتی دەبەن بە بێ ڕەچاوكردنی مێینایەتی و نێرینایەتی .
3. خوای گەورە دەفەرموێت:
[وَإِنْ كَانَ رَجُلٌ يُورَثُ كَلَالَةً أَوِ امْرَأَةٌ وَلَهُ أَخٌ أَوْ أُخْتٌ فَلِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ] [النساء: 12].
واتە: ئەگەر پیاوێك یان ئافرەتێك مردوو نە باوكی هەبوو نە منداڵ و برایەك یان خوشكێكی دایك و باوكی هەبوو، ئەوە هەریەكێكیان شەشیەكی (1 /6) ی بۆ هەیە .
لەم حاڵەتەشدا دەبینین خوشك و برای دایكی وەكو یەك میرات دەبەن ویەكسانن.
4 . خوای گەورە دەفەرمووێت:
[فَإِنْ كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا مَا تَرَكَ ] [النساء: 11].
واتە: ئەگەر دوو ئافرەت و زیاتر بوون ئەوە دوو سێیەك ( 2 / 3 ) ی ئەوەی مردووەكە بەجێی هێشتووە بە میراتدەگرن .
بۆ نمونە: ئەگەر پیاوێك مرد و ژنێك و دوو كچ و برایەكی لە پاش بەجێما، میراتەكەی بەم شێوەیە دابەش دەكرێت: ژنەكەی هەشتیەك (1 / 8) وەردەگرێت، دوو كچەكەی دوو سێیەك وەردەگرن (2 / 3)، برای مردووەكەش كە دەكاتە مامی كچەكان ئەوەی دەمێنێتەوە لە میراتیەكە بۆ ئەو دەبێت كە دەكاتە (5 / 24)، لێرەدا هەریەكێك لە كچەكان نزیكەی دوو قاتی مامیان وەردەگرن، واتە لێرەدا مێینە دوو ئەوەندەی نێرینە وەردەگرێت! ( فهل من مدكر ) .
5 . [وَإِنْ كَانَتْ وَاحِدَةً فَلَهَا النِّصْفُ... ] [النساء: 11] .
واتە: وە ئەگەر كچە میراتگرەكە هەر یەكێك بوو ئەوە نیوەی میراتیەكە هی ئەوە . بۆ نمونە: ئەگەر ژنێك مردوو كچێك و مێردەكەی لە پاش بەجێما، ئەوە كچەكە نیوە ( 1 / 2 ) ی میراتیەكە دەبات، مێردەكەشی كە دەكاتە باوكی كچەكە چواریەك ( 1 / 4 ) دەبات .
كەواتە لێرەشدا مێینە كە كچێكە دوو ئەوەندەی نێرینەیەك دەبات كە باوكیەتی .
لە پاش باسكردنی هەندێك لە حاڵەتەكانی میراتی ئافرەت لە ئیسلامدا بۆمان دەركەوت كە ئەوەی نەیارانی ئایینی ئیسلام پێیان وابوو بنچینەیەكی گشتی میراتگرتنی ئافرەتە [لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ] [النساء: 11].
وا نییە و ئەوان بە هەڵە لێی تێگەیشتوون .
ئەنجام
لێرەدا بە كورتی خشتەیەكی بیركاریانەتان بۆ دەخەینە ڕوو سەبارەت بە میراتی ئافرەت لە ئیسلامدا:
1 . تەنها لە چوار حاڵەتدا ئافرەت نیوەی پیاو دەبات لە سەرجەم مەسەلەكانی میراتدا .
2 . لە چەندین حاڵەتدا ئافرەت و پیاو بە یەكسانی میرات دەبەن وەكو پێشتر باسمان كرد .
3 . لە دە ( 10 ) حاڵەت یان زیاتریشدا ئافرەت لە پیاو زیاتر میرات وەردەگرێت .
4 . چەند حاڵەتێكیش هەن كە تێیدا ئافرەت میرات دەبات بەڵام پیاوانی هاوتای وەكو ( خوشك و برا، نەنك و باپیر) میرات نابەن .
كۆتایی:
پاش ئەم توێژینەوە كورتە بۆمان دەركەوت كە ئایینی ئیسلام تەواو و بێ هەڵەیە و لە هەر لایەنێكەوە تۆمەتی ئاراستە بكرێت بە هۆی ڕوونكردنەوەی ئەو لایەنەوە كامڵی و بێخەوشیەكەی زیاتر و زیاتر جێگیر ( اثبات ) دەبێت و نەیارانی ئەم دینە حەقەش تەنها ڕیسوایی و ڕوو ڕەشییان بۆ دەمینیتەوە .
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.