ژمارەی بینین:

فيسق، پێناسەی، جۆرەکانی، زیانەکانی، وە ئەوانەی کە فاسقن

نوسەر:م. عبدالكريم محمد قادر
بەروار:٢٠١٤/٠٥/٠٥

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.
موسڵمانانی خۆشەویست دەمانەوێت لەم بابەتەدا باسی فاسق بكەین و بزانین بەكێ‌ دەوترێت فاسق، وەچەند جۆری هەیە سزاو حوكمی شەرعی چییە بۆ فاسقەكان لە دونیا و دوارۆژدا، وە زیانی كەسی فاسق چییە بۆ سەر خۆی و كۆمەڵگەكەی؟
إن شا‌و الله بەشێوەیەكی پوخت ڕوونی دەكەینەوە.
لەڕاستی دا ئەوەی زۆر بەكاردێت بۆ پێناسەی فاسق ئەوەیە كە دەوترێت: ((فاسق بەزۆری ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە گوێڕایەڵی شەرعی خوایان كردبێت إقراریان بەشەرعی خوا كردبێت پاشان بەڕەزامەندی خۆی وازبهێنی لە گوێڕایەڵی كردنی زۆرێك لەحوكمە شەرعییەكان یان لە هەندێكی، ئەوكەسە هەرچییەك بێت پیاو بێت یان ئافرەت دەسەڵاتدار بێت یان بێ‌ دەسەڵات، دەوڵەمەند بێت یان هەژار سپی پێست بێت یان ڕەش پێست كە ئەو سیفەتانەی تێدا بوو كە نیشانەن بۆ فاسق ئەوە ئەو كەسە كەسێكی فاسقە))، هەروەها (فسق) بەو كەسەش دەوترێت كەگوناهو تاوانی گەورەو بچوك ئەنجام بدات وبەردەوام بێت لەسەری، لەڕاستی دا بە مشك دەوترێت: (فویسیقە) لەبەر ئەوەی گیاندارێكە سیفەتی پیسی و خەبیپی تێدایە هەر لەبەر ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرمووێت:
(وإن الفويسقة تضرم على الناس بيتهم أو بيوتهم)( صحيح سنن أبي داود: 3732) .
واتە: (مشك بكوژن، چونكە سیفەتی پیسی تێدایە) كەسی فاسقیش هەر بەهەمان شێوە زۆرێك لەتاوانەكان یان هەندێك لەتاوانە پیسەكان ئەنجام ئەدات بەئارەزووی خۆی لەبەر ئەوە پێی دەوترێت كەسێكی فاسق، چونكە هەركەسێك تاوان ئەنجام بدات و پەشیمان نەبێتەوە و بەردەوام بێت لەسەری ئەوە دەبێتە سیفەتێكی ناشیرین بۆ ئەو كەسە و بەكەسێكی سیفەت ناشیرین دەناسرێت، هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی كە پێی بوترێت فاسق.
فسق دەكرێت بەدوو بەشەوە:
1- فسقی گەورە: (كەخاوەنەكەی لەچوارچێوەی ئیسلام دەچێتە دەرەوە)، كە هەر كەسێك ئەنجامی بدات و بەردەوام بێت لەسەری و پەشیمان نەبێتەوە و بەو حاڵەیەوە بمرێ‌ ئەوە پاشەڕۆژێكی ترسناك چاوەڕوانیان دەكات ئەویش چوونە ناو ئاگری دۆزەخە بەهەتاهەتایی پەنا بەخوا. وەكو هاوبەش بڕیاردان بۆ خوای گەورە و كوفركردن و دوو ڕوویی لەبواری بیروباوەڕدا....
2- فسقی بچووك: ئەم جۆرە فسقە ناگاتە ئەو ڕادەیەیی كە خاوەنەكەی لە دین بەدەر بێت بەڵام موستەحەقی چوونە دۆزەخ دەبێت بەئەندازەی ئەو تاوان و خراپەكاریانەی كە هەیەتی دوای ئەوە بەهۆی ئیمانەكەیەوە یان بەگوێرەی ئیمانەكەی لە دۆزەخ ڕزگاری دەبێت، ئەم جۆرە فسقەش بوونی زۆرە لەنێو كۆمەڵگەی مسوڵمانان وەكو جنێودان بە موسڵمانان و فیتنەیی كردن و.....هتد .
كێن ئەو كەسانەی كە فاسقن:
ئەوانەی كە فاسقن زۆرن، بەڵام لە گرنگترینیان ئەمانەن:
1- إبلیس: لەعنەتی خوای لەسەر فاسقە لەبەر ئەوەی یەكەم كەس بوو كە گوێڕایەڵی خوای گەورەی نەكرد كاتێ‌ خوای گەورە پێی فەرموو:
[وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآَدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ كَانَ مِنَ الْجِنِّ فَفَسَقَ عَنْ أَمْرِ رَبِّهِ] [الكهف: ٥٠].
واتە: كاتێ‌ ووتمان بەفریشتەكان كە سوجدەی ڕێز بۆ ئادەم ببەن هەموویان سوجدەیان بۆ برد تەنها إبلیس نەبێت كە لەكۆمەڵەی (جن)ە سوجدەی نەبرد و فاسق بوو بەرامبەر فەرمانی خوای گەورە .
كەواتە: ئەوانەی كە فەرمانی خوای گەورە جێ‌ بەجێ‌ ناكەن إبلیس ئاسا فاسقن و شوێنكەوتەی ڕێبازو ڕێچكەی شەیتان و إبلیسن هەمان چارەنووسیان هەیە لەقیامەتدا ئەگەر تۆبە نەكەن و نەگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە .
2- كەسانی بێ‌ باوەڕ فاسقن: هەروەك خوای گەورە دەفەرمووێت:
[وَلَقَدْ أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ آَيَاتٍ بَيِّنَاتٍ وَمَا يَكْفُرُ بِهَا إِلَّا الْفَاسِقُونَ] [البقرة: ٩٩].

واتە: سوێند بێت بەخوا ئێمە بێگومان نیشانەو ئایەتی ڕوونمان بۆ تۆ داگرتوە ئەی محمد (صلى الله عليه وسلم) كەس بێ‌ باوەڕ نابێت پێی جگە لەفاسقەكان نەبێت .
ئەوانەی دەروون نەخۆش و یاخی بوون لەفەرمانی خوا.
كەواتە: ئەوانەی كەباوەڕ ناهێنن بەقورئان و ئیسلام و شوێنی ناكەون و كار بەبەرنامەو ڕێبازێكی جگە لەئیسلام دەكەن ئەوانە بێ‌ باوەڕو كافرن.
3- ئەهلی كتاب لە گاورو جولەكە ئەوانەی باوەڕ ناهێنن بەپێغەمبەرایەتی (محمد) (صلى الله عليه وسلم) ئەوانە فاسقن .
هەروەك خوای گەورە دەفەرمووێت: [أَلَمْ يَأْنِ لِلَّذِينَ آَمَنُوا أَنْ تَخْشَعَ قُلُوبُهُمْ لِذِكْرِ اللَّهِ وَمَا نَزَلَ مِنَ الْحَقِّ وَلَا يَكُونُوا كَالَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ مِنْ قَبْلُ فَطَالَ عَلَيْهِمُ الْأَمَدُ فَقَسَتْ قُلُوبُهُمْ وَكَثِيرٌ مِنْهُمْ فَاسِقُونَ] [الحديد: ١٦].
واتە: ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە بۆ ئەوانەی كەئیماندارن دڵەكانیان خشوعی تیا دروست بێت بۆ یادی خوا، بۆ ئەو حەقەی كە خوای گەورە ناردۆتیە خوارەوە بۆ سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بریتی¬یە لەقورئان وسوننەت، پاشان وەكو ئەهلی كیتاب مەبن كاتێ‌ ئامۆژگاری خێر دەكران بەڵام وەریان نەگرت و ڕۆژگاری تەمەنیان درێژەی كێشا هەتاوەكو وای لێهات بەگوێڕایەڵی نەكردنیان بۆ شەرعی خوا دڵیان ڕەق و زۆربەیان فاسق بوون.
هەر بۆیە لەشەرعی خوادا لە هەفتەیەكدا ڕۆژێك دانراوە كە هەینی¬یە بۆ ئەوەی ئامۆژگاری موسڵمانان بكرێت، ئەگەر بێت و موسڵمانان ئامۆژگاریەكان وەرنەگرن و بەگوێ‌¬یان نەكەن ئەوانە تەمەنیان بەفیڕۆ دەڕوات و دڵكانیان ڕەق دەبێت و سەرەنجامیش وەك ئەهلی كیتاب دڵیان ڕەش و ڕەق دەبێت و یاخی دەبن و فاسق دەبن پەنا بەخوا.
4- ئەوانەی دووڕوون فاسقن: هەروەك خوای گەورە دەفەرمووێت:
[إِنَّ الْمُنَافِقِينَ هُمُ الْفَاسِقُونَ] [ التوبة: ٦٧].
واتە: ئەوانەی كەدووڕوون بێگومان ئەوانە فاسقن و یاخی بوون .
مونافیق ئەوانەی بەڕواڵەت موسڵمان و بە دڵ كافرو بێ‌ باوەڕن ئا ئەوانە فاسقن.
5- ئەوانەی شوێن هەواو ئارەزوو بكەون و حوكم بكەن بە جگە لەشەرعی خوا، هەروەك خوای گەورە دەفەرمووێت: [وَمَنْ لَمْ يَحْكُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللَّهُ فَأُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ] [ المائدة: ٤٧].
واتە: ئەوانەی حوكم بەشەرعی خوا ناكەن و شوێنی هەواو ئارەزووی خۆیان كەوتون ئەوانە فاسق و یاخی بوون لە فەرمانی خوا.
كەواتە: ئەوانەی كەحوكم ناكەن بەو شەرعەی كەخوای گەورە وەكو بەرنامە بۆ ژیانی مرۆڤەكانی داناوە وەشوێنی هەواو ئارەزووی خۆی كەوت لەوەی شوێن بەرنامەو ڕێبازێكی جگە لە شەرعی خوا بكەوێت ئەوانە فاسقن.
6- هەر پیاوێك بوختان بكات بۆ ئافرەتێكی ئیمانداری داوێن پاك وتۆمەت باری بكات بەزینا وەچوار شاهیدی نەبێت بۆ ئەو تۆمەتە ئەوا ئەو پیاوە كەسێكی فاسقە، هەروەك خوای گەورە دەفەرمووێت:
[وَالَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ ثُمَّ لَمْ يَأْتُوا بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاءَ فَاجْلِدُوهُمْ ثَمَانِينَ جَلْدَةً وَلَا تَقْبَلُوا لَهُمْ شَهَادَةً أَبَدًا وَأُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ] [النور: ٤].
واتە: ئەوانەی بوهتان بۆ ئافرەتی داوێن پاك دەكەن و چوار شاهیدیان نەهێناوە بۆ ڕاستی قسەكەیان ئەوە هەشتا جەڵدەیان لێ‌ بدەن، وە بەهەمیشەیی شاهیدیان لێ‌ وەرناگیرێ‌ ئائەوانە كەسێكی فاسقن.
تۆمەت باركردنی ئافرەتانی داوێن پاك و پیاوانی داوێن پاوێن لەناو كۆمەڵگەدا زۆر دەبینرێت بەبێ‌ ئەوەی چوار شاهید هەبێت بۆ ئەو تۆمەتە، كەسانی موجریم و فاسق شەهادەیان لەلای خوای گەورە قەبوڵ نییە، ئیلا مەگەر تۆبەیەكی ڕاستەقینە بكەن و جارێكی تر نەگەڕێنەوە سەر ئەوكارەیان .
7- النمام ((ئەوانەی قسە دەهێنن و قسە دەبەن و نێوانی خەڵكی تێك دەدەن)) فیتنەگێڕ: هەروەك خوای گەورە دەفەرمووێ‌:
[يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَأٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ] [الحجرات: ٦ ].
واتە: ئەی ئەوانەی كەباوەڕتان هێناوە ئەگەر كەسێكی فاسق هەواڵێكی گرنگی بۆ هێنان ئەوە یەكسەر بڕوای پێ مەكەن، بەڵكو سەرەنج بدەن و لێ‌¬ی بكۆڵنەوە تا بۆتان ڕوون دەبێتەوە كە ڕاستە یان درۆیە، نەوەك بەهۆی هەواڵی ئەم فاسقەوە ئازارو ناخۆشی و گیروگرفت بۆ خەڵكی دروست بكەن بەنەزانی، جا دوای ئەوە پەشیمان ببنەوە لەو كارەی كە پێی هەستاون.
بەڕاستی زۆر خەڵك كوژرا بەهۆی قسەهێنان و قسەبردنەوە، زۆركەسی بێ‌ تاوان زۆر ئافرەتی داوێن پاك تەڵاق درا، زۆر باوك ئازار درا لەلایەن منداڵەكانییەوە، زۆر پیاو پشتی لەدایك و باوكی خۆی هەڵكرد بەهۆی فیتنەی خێزانەكەیەوە، هەر بۆیە خوای گەورە ئەو كەسانەی ئەوە ئیشیانە بەفاسق ناو دەبات، چونكە هەر فاسقە ئیشی پیس و كارو گوفتاری نەشیاوی لێ‌ دەوەشێتەوە.
8- ئەوانەی جنێو ئەدەن بە موسڵمانان بەهۆی ئەو جنێو دانەیانەوە موسڵمانان ئازار ئەدەن وخێزانی خۆیان ئازار ئەدەن منداڵەكانیان ئازار ئەدەن و دۆست و هاوڕێكانیان ئازار دەدەن و هاوسێ‌¬كانیان ئازار دەدەن، هەر بۆیە پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) دەفەرمووێت:
(سباب المسلم فسوق، وقتاله كفر)( متفق عليه، وانظر: 3595)
واتە: جنێودان بەموسڵمانان فسقەو كوشتنی كوفرە.
ئەمڕۆ لەناو كۆمەڵگای موسڵماناندا ئەم دیاردەیە زۆر باوە تەنانەت وای لێ‌ هاتووە لەجیاتی سەلام كردن لەیەكتر جنێو بەیەكتری ئەدەن.
9- ئەوانەی لەكاتی شاهێدی داندا یان لەكاتی نوسیندا كاتێ‌ دەكرێت بەكاتب زیان دەگەیەنن بەخاوەن حەق و خیانەت دەكەن ئەوانەی كەئەوە ئیشیان بێت ئەوانە فاسقن پەنا بەخوا.
خوای گەورە دەفەرمووێت:
[وَلَا يُضَارَّ كَاتِبٌ وَلَا شَهِيدٌ وَإِنْ تَفْعَلُوا فَإِنَّهُ فُسُوقٌ بِكُمْ] [البقرة: ٢٨٢] .
واتە: نابێت زیان بدەن لەخاوەن حەق نوسەرو شاهید، ئەگەر زیانیان گەیاند بەخاوەن حەق و خیانەتیان لێ‌ كردن ئەوە بەڕاستی ( فسق ) یان كردوە.
10- هەر كەسێك تانەو تەشەر لە موسڵمانان بدات بەهەر بیانوویەك بێت ئەوە فسقی كردووە پەنا بەخوا.
ئەمە لەگرنگترین جۆرەكانی فسق بوون كەهەردوو جۆرەكەی لەخۆ گرتوە گەورە و بچوك.
* زیانی كەسی فاسق لەسەر خۆی و كۆمەڵگە:
1- كەسی فاسق بەوكارانەی كەئەنجامی ئەدات زیان بەخۆی دەگەیەنێت و خۆی موستەحەقی ئاگری دۆزەخ دەكات.
2- كەسی فاسق هەمیشە لەناو خەڵكی دا كەسێكی بێ‌ ڕێزو بێ‌ شەخسیاتە و كارو گوفتارەكانی پیس و نەگریس و شەیتانییە.
3- كەسی فاسق دەرچووی قوتابخانەی (إبلیس)ەو شوێن ئەو كەوتووە.
4- كەسی فاسق هەمیشە لەناخی خۆیدا كەسێكی بێزارو ماندووە بەهۆی ئەو كارو ڕەفتارە خراپانەی كەبەردەوام دووبارەیان دەكاتەوە.
5- كەسی فاسق كەسێكی یاخی بوو وسەرگەردانە بەوەی كەلە گوێڕایەڵ بوونی بۆ دینی خوا یاخی¬یەو شوێن كەوتەی شەیتانە.
6- كەسی فاسق كەسێكە بۆ كۆمەڵگە میكرۆبە، كۆمەڵگە تووشی چەندەها نەخۆشی و فەسادی دەكات.
7- كەسی فاسق زیان دەگەیەنێت بەخەڵكی و هەوڵی نانەوەی ئاشوب و فیتنە ئەدات لەنێوان تاكەكانی ناو كۆمەڵگا.
8- كەسی فاسق كەسێكی دەم پیس و قسە پیس و ڕەوشت پیسە، دەبێتە مایەی ناخۆشی و ئازار بۆ ئەو خەڵكەی كە ئەم فاسقەیان تێدایە.
9- كەسی فاسق كۆكەرەوەی هەموو سیفەتێكی ناشرینە لەوانە(بێ‌ باوەڕی، كوفر كردن، هاوبەش بڕیاردان بۆ خوا، فیتنەیی، خیانەت كردن، جنێودان، شەڕ كردن، ئازاردانی چواردەور، بێ‌ ڕەوشت.......هتد).
10-كەسی فاسق نەخۆشی و عیلەتە بۆ خێزانی، بۆ چواردەوری، بۆ هاوسێكانی، بۆ كۆمەڵگەكەی پێویستە بنبڕ بكرێت.
حوكمی فاسق لەشەرعی خوادا بەشێوەیەكی گشتی:
* حوكمی فاسق لەدونیادا:
خوای گەورە دەفەرمووێت:
[مَا قَطَعْتُمْ مِنْ لِينَةٍ أَوْ تَرَكْتُمُوهَا قَائِمَةً عَلَى أُصُولِهَا فَبِإِذْنِ اللَّهِ وَلِيُخْزِيَ الْفَاسِقِينَ] [الحشر: ٥].
واتە: ئەو دارانەی كەبڕیتانەوە یان یان ئەوانەی كەوازتان لێ‌ هێنا هەمووی بەئیزنی خوابوو بۆ ئەوەی فاسقەكانی پێ‌ سەرشۆڕ و خەجاڵەت بن.
كەواتە: سزاو حوكمی خوا بۆ فاسقەكان لە دونیادا ئەوەیە دەبێت سەرشۆڕو خەجاڵەت بكرێن لەهەر كات وساتێكدا بێت ئیلا مەگەر تۆبە بكەن وبگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە و وازبهێنن لەو فسقانەی كە كردویانە، ئەگەر نا دەبێت سەرشۆڕییان بەچاوی خۆیان ببینن.
*حوكمی فاسق (فسقی گەورە بەتایبەتی) لەڕۆژی قیامەتدا:
خوای گەورە دەفەرمووێت:
[وَأَمَّا الَّذِينَ فَسَقُوا فَمَأْوَاهُمُ النَّارُ كُلَّمَا أَرَادُوا أَنْ يَخْرُجُوا مِنْهَا أُعِيدُوا فِيهَا وَقِيلَ لَهُمْ ذُوقُوا عَذَابَ النَّارِ الَّذِي كُنْتُمْ بِهِ تُكَذِّبُونَ] [السجدة: ٢٠ ].
واتە: ئەوانەی كەفاسق بوون و فسقی گەورەیان ئەنجامداوە وەكو(كوفر كردن، هاوبەش بڕیاردان، منافق بوون لەبیروباوەڕدا) ئەوانە شوێن و مۆڵگەیان ئاگرەو تیایدا دەمێننەوە كاتێ‌ ئاگرەكەی ناوی پەلكێشیان دەكات بەرەو لای دەرگای جەهەننەم بەئەقڵی خۆیان دەتوانن دەربچن لە دۆزەخ، بەڵام هەر كاتێ‌ نزیكی قەراغی دۆزەخ دەبنەوە دووبارە فڕێ‌ دەدرێنە ناوییەوەو پێیان دەوترێت بچێژن عەزاب و سزای ئاگر ئەو ئاگرەی ئێوە بەدرۆتان دەزانی كاتێ‌ هەواڵیتان پێ‌ درابوو.
جا لە كۆتایدا ماوەتەوە بڵێین پێویستە كەسی فاسق بگەڕێتەوە بۆ لای خوای گەورە و تۆبە بكات و خۆی توشی ئەو سزایە نەكات كە بۆی دانراوە پەنا بەخوا، لەخوای گەورە دەپاڕێینەوەو دەڵێین: خوایە گیان لێت دەپاڕێینەوە بەناوە جوان و سیفەتە بەرزەكانت كە بمان پارێزی لەئاگری دۆزەخ و لەهەموو سیفەتێكی فسق گەورە بێت یان بچوك ڕەحممان پێ‌ بكەو ڕەحم بەمردوومان بكەو خۆمان و منداڵ و خێزانمان سەلامەت بكە لەعەزابی خۆت. ئا‌مین
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.