ژمارەی بینین:
كورتە بەراوردێكی ئەرك و مافەكانی ئافرەت ( لە نێوان ئیسلام و پێش ئیسلام ) (بەشی یەكەم)
نوسەر:م صلاح الدين - م عثمان علي
پلەو پایەو شوێنی ئافرەتبەروار:٢٠١٣/١٠/٢٤
لە پێش ئیسلامدا
مەبەست لە پێش ئیسلام ، سەردەمی نەفامی یە ، كە عەرەبەكانی تێدا دەژیان بە شێوەیەكی تایبەتی ، هەموو سەر زەویش بە شێوەیەكی گشتی،كەخەڵكی ماوەیەك بو پچڕابون لە ێغەمبەران ، وە بەرنامەكانیان سڕابونەوە و نەمابوون ، تەنها كەمێك نەبێت لە خاوەن پەرتوكە ئاسمانیەكان كە لەسەری مابونەوە.
وە زۆربەی ئافرەتانیش، بەگشتی لەو كاتەدا ژیانێكی سەخت و ناهەمواریان بەسەر دەبرد - بەتایبەت لە كۆمەڵگای عەرەبیدا - كەپێیان ناخۆش بوو هەر لە دایكیش ببێت ، جا هەیان بوو لەكژێر خۆڵدا زیندە بەچاڵی دەكرد هەتا دەمرد،
وەهەیان بوو وازی لێ دەهێنا بمێنێتەوە بەڵام لە ژیانێكی سەرشۆڕییو ریسواییدا وەكو خوای گەورە دەفەرموێت: (وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالْأُنْثَى ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدّاً وَهُوَ كَظِيمٌ يَتَوَارَى مِنَ الْقَوْمِ مِنْ سُوءِ مَا بُشِّرَ بِهِ أَيُمْسِكُهُ عَلَى هُونٍ أَمْ يَدُسُّهُ فِي التُّرَابِ أَلا سَاءَ مَا يَحْكُمُونَ) النحل /58-59 .
واتە:(كاتێك موژدە بدرایە بە یەكێكیان بەوەی كە كچیان بووە ، ئەوا ڕوخساری ڕەش هەڵدەگەڕا لەغەم وپەژارەو خەفەت وە پڕ دەبو لە ڕق وقینە ، بەڵام دەری نەدەبڕی و دەیشاردەوە، وەخۆی دەشاردەوە لە خەڵكی ، لە خراپی ئەو مژدەیەی كەپێی درابوو) كە بەهۆی ئەو كچەی بویەتی ، توشی خەفەت وعەیب و عارو شەرمەزاری بووە ، بەپێی ئەو داب و نەریتەی هۆزەكەی هەیبوو. وە هەندێك لە عەرەبەكان لایان وابوو زیندەبەچاڵ كردنی كچ مافێكی ڕەوای باوكە.
وەك خوای گەورە دەفەرموێت :(وإذا الموؤدة سئلت، بأي ذنب قتلت ) التكوير /8-9 .
واتە :كـاتێك لـە ڕۆژی قیـامـەتـدا كچی زیندە بەچاڵ كراو پرسیاری لێ دەكرێت ، بەهۆی چ تاوانێكەوە كوژراویت ؟. مەبەست ئەوەیە ، پرسیار لە بكوژەكەی دەكرێت و تۆڵەی لێ دەسێنرێت .
(الموۆدە) : كچێكە ، زیندە بەچاڵ كرابێت لە ژێر خۆڵدا ، هەتا مردن .
وە ئەگەر ئافرەت پارێزراو بوایە لە زیندە بەچاڵ كردن ، ئەوا دەژیا ، بەڵام ژیانێكی ریسوایی .
ژنان لەپێش هاتنی ئاینی ئیسلام ستەم لێكراو بوون،لەلایەن هەموو یاساو گەلێكەوە ، وە بەچاوێكی سوكەوە وەك بەندەیەك سەیر دەكران ، وە هەروەها لە لایەن ئەوانەیش كە خۆیان بە خاوەنی كتێبی ئاسمانی دەزانی،وەك جولەكەو گاورەكان ، هەر بەهەمان شێوە سەیر دەكران .ژنـان دەكـڕدران و دەفـرۆشـران
وەك ئاژەڵ و كەل و پەل ، وە زۆریان لێ دەكرا لەسەر مێرد كردن ، وە پارەیان پێ پەیدا دەكردن بە داوێن پیسیو لەش فرۆشی بەزۆر .
وە خاوەنی موڵك و ماڵ نەبوون . تەسەڕوف كردنیان لە ماڵی خۆیان لێ قەدەغە كرابوو بەبێ پرسی پیاوەكانیان، وەبۆ پیاو هەبوو تەسەروف كردن لەماڵی ژنان بەبێ ڕەزامەندیو پرس پێكردنیان.
هیچ بەشێكی لە میراتی نزیكەكانی نەبوو ، هەرچەندە موڵكەكە زۆربوایەو، ئافرەتەكە بیناڵاندایە بەدەست هەژاریو نەبوونیەوە ، چونكە ئەوان پیاوانیان تایبەت كردبوو بەمیرات وەرگرتنەوە بەتەنها جگە لە ئافرەت ، بەمەیش نەدەوەستان ، بەڵكو لە پاش مردنی هاوسەرەكەی ، ئافرەتەكەیشیان بە میراتی دەبرد بۆ خۆیان هەروەكو چۆن ماڵەكەیان دەبرد .
وە دەربارەی بۆچونی پیاوان بەرامبەر بەژنان جیاوازی هەبوو! ئایا ژن مرۆڤەو خاوەنی نەفس و گیانە وەك پیاو ؟ وەباوەڕیان وابو، گیانی پیاو دەمێنێتەوە بۆ هەتا هەتاییو بەڵام گیانی ژن نامێنێتەوە! وە ئایا ژن شایەنی ئەوەیە، ببێتە خاوەنی ئایین وپەرستش بكات؟ وە ئایا دەچێتە بەهەشت؟.
وە لە یەكێك لەو كۆڕو كۆبونەوانە كە لە ( رومیە) بەسترا ، بڕیاردرا ، ژن ئاژەڵێكی پیسەو خاوەنی گیانی خۆی نییە و نامێنێتەوە هەتا هەتایە ، بەڵام پێویستە لە سەری پەرستن بكات و خزمەتكاری بكات ، وە دەبێت زاری ببەسترێت وەك ووشترو سەگی هار ، وە دەبێت قەدەغە بكرێت لە پێكەنین و قسە كردن لەبەر ئەوەی پەتی شەیتانە.
وە زۆربەی شەریعەتەكانی پێش شەریعەتی ئیسلام، بە هۆی دەست تێوەردان و بیدعە دروست كردن تیایاندا، بەڕەوایان زانیوە ، باوك كچەكەی بفرۆشێت ، وە هەروەها مافی تۆڵە سەندنەوە (القصاص) نەبوو لە سەر پیاو ئەگەر ژنی بكوشتایە ، وە هەروەها خوێنیشی لەسەر نەبو .
وە ژمارەیەكی زۆری ئافرەت لە ژێر سەرپەرشتی یەك پیاودا (هاوسەر) دەژیان، چونكە ئەوان پەیوەست نەبوون بەژمارەیەكی دیاری كراو لەخێزان ، وە گوێیان نەدەدا بەوەی كە ئەو ئافرەتە زۆرانە، توشی تەنگ وچەڵەمەو ناخۆشیو ستەم لێكردن دەبن یان نا ، بەهۆی ئەوەی كە هەمویان خێزانی یەك پیاون .
وە تائێستاش لە هەندێك جێگە دەبینین دەبێت ژن مارەیی بدات بەپیاو. وە بۆ كەس و كاری ژن هەیە زۆر لێكردن لە سەر مێرد كردن ئەگەر بەحەزی ژنەكەش نەبێت ، یان مێردكردن لە ژن قەدەغە دەكەن بەتەواوی ئەگەر مێردەكەی بمرێت ، یان تەڵاقی بدات.
زۆر سـتەمی تریـش هەبـوون لـە ژنـان دەكران و دەكرێت، كە لەم كورتە باسەدا ناتوانرێت هەموویان بخرێنە ڕوو .