ژمارەی بینین:
وازیان لەم قورئانە هێناوە
نوسەر:م. عبدالمجيد عبدالحميد/ كفري
ئافرەتێكی موسڵمان پێی ووتم: لەمەككەی پیرۆز بووم .. لەبەشی ئافرەتان.. ئافرەتێك لە پشتەوە لە شانی دام .. بە زمانێكی ئەعجەمی دووبارەی دەكاتەوەو دەڵێت: حاجی .. حاجی .. منیش ڕووم لێكرد بینیم ئافرەتێكی زۆر گەورە نییەو منداڵیش نییە واتە مامناوەندییە لە تەمەندا .. وادەزانم ئەو ئافرەتێكی توركییە .. سڵاوی لێكردم .. خۆشەویستی ئەو چووە دڵمەوە .. دەیویست شتێك بڵێت.. هەوڵی دەدا شتەكان كۆ بكاتەوە .. ئیشارەتی بۆ قورئانێك كرد بە دەستی یەوە بوو .. پاشان بە زمانی عەرەبییەكی شكاو ووتی: تۆ قورئان دەخوێنی؟! ووتم: بەڵێ .. بینیم ئەو ئافرەتە ڕووی سوور بووەوە .. وە چاوەكانی پڕ فرمێسك بوو .. زۆر سەیرم بەو دیمەنە دەهات و سەرەنجی ڕاكێشام .. دەستی كرد بە گریان .. ووتم: چیتە بۆ دەگری؟ ئەویش تەماشایەكی شەرماوی كردم و بە دەنگێكی كزەوە فەرمووی: من قورئان ناخوێنم .. ووتم: بۆ؟ فەرمووی: نازانم .. دیسان دەستی بە گریان كرد .. منیش هەوڵمدا ئارامی بكەمەوەو لە گریانەكەی كەم بكەمەوە .. ووتم: تۆ ئێستا لە ماڵی خوادای داوا لە خوا بكە بەڵكو فێرت بكات .. وە یارمەتیت بدات بۆ خوێندنەوەی قورئان .. فرمێسكەكانی بەردەوام بوو .. وە دیمەنێكم بینی لە ژیانمدا لە بیری ناكەم.. ئافرەتەكە سەری بەرز كردەوەو دەستەكانی بەرز كردەوە، بە مەبەستی پاڕانەوە لە خواو فەرمووی: خوایە دڵم بكەرەوە .. خوایە دڵم بكەرەوە تاكو قورئان بخوێنم .. خوایە دڵم بكەرەوە تاكو قورئان بخوێنم .. پاشان ڕووی لەمن كردو فەرمووی: من دەمرم و قورئانم نەخوێندووە .. ووتم: نەخێر .. إن شاو الله دەتوانی قورئان بخوێنی و چەند جارێك خەتمی دەكەیت .. پرسیارم لێكرد: ئایا سورەتی (الفاتحە) دەخوێنی؟ ڕووی گەش بووەو فەرمووی: بەڵێ .. پاشان دەستیكرد بە خوێندنەوەی .. (الحمد لله رب العالمین .. الرحمن الرحیم .. تاكو تەواوی كرد) ... پاشان دانیشت و ئەو سورەتە بچوكانەی بۆ دەژماردم كە لەبەری كردووە .. تا رادەیەك سەرسام بووم بەو توانایەی كە دەیتوانی بەو شێوەیە عەرەبی قسە بكات .. باسی ژیانی خۆی بۆ كردم .. چەندە هەوڵ دەدات كە فێری قورئان بێت .. لەناكاو ڕووی گۆڕاو فەرمووی: ئەگەر من مردم و قورئانم نەخوێند بێ ئەوا من لە ئاگردام,؟ سوێند بەخوا من گوێبیستی (كاسێت) دەبم، بەڵام مەرجە بخوێنم .. ئەمە قسەی خوایە.. قسەی خوای گەورەیە .. پاشان ئەو بەستەزمانە دەستیكرد بە باسكردنی مەزنی خواو مافی كتێبەكەی بەسەرمانەوە .. خۆم پێ ڕانەگیراو دەستم بە گریان كرد .. ئافرەتێكی ئەعجەمی .. لە وڵاتێكی عیلمانیدا لەوە دەترسێت بگاتە خواو كتێبەكەی نەخوێندووە .. گەورەترین هیوا لای ئەو خەتمی قورئانە .. خەم دەخوات.. ژیانی لە خۆی تەنگ كردووە چونكە ناتوانێت كتێبەكەی خوای گەورە بخوێنێت .. ئەی بۆ ئێمە وازمان لێهێناوە؟؟!! قورئانمان پێگەیشت و لەبیرمان كرد؟؟ ئای ئێمە چیمان لێهاتووە؟؟ ڕێگاكانی لەبەركردن و خوێندنەوەو تێگەیشتنی ئاسانە؟ توخوا .. بۆ چ شتێك دڵمان دەسوتێت؟ چ شتێك دەبێتە هۆی فرمێسك ڕژاندنمانو خەممان زیاد دەكات ..؟ بەروار:٢٠١٢/١٢/٠١
والحمد لله رب العالمین وصلی الله وسلم علی نبینا محمد وعلی ێله وصحبه أجمعین.