ژمارەی بینین:
باڵاپۆشی رێگایەكە بۆ بەختەوەری
نوسەر:آية عبدالله
الحمد لله رب العالمین والصلاة والسلام علی نبینا محمد وعلی آله وصحبه أجمعین ومن تبعهم بإحسان الی یوم الدین وبعد:بەروار:٢٠١٢/١٠/٠٤
خوای گەورە فەرموویەتی: ((يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ ذَلِكَ أَدْنَى أَنْ يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا))[اڵاحزاب: 59] .
واتە: ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)بە خێزانەكانتو كچەكانتو ئافرەتی ئیماندارانیش بڵێ كەوا باڵایان سەرتاپێ بپۆشن، چونكە ئەو باڵاپۆشیە نزیكترە لەوەی كە بناسرێنەوە بە ڕەوشت پاكیو حەیاو حیشمەتو قورسو سەنگینی تاوەكو ئازار نەدرێن لە لایەن پیاوانی خراپەكارەوە، وە خواش لێبووردەو بە بەزەییە .
ئەی خوشكی بەڕێزم ئەی ئەو كەسەی خوای گەورە ڕێزی لێ ناوی بەوەی كە سورەتێكی لە قورئانی پیرۆزدا بەناوی تۆوە دابەزاندووە كە (سورة النساء)ە, ئەی ئەو كەسەی كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئامۆژگاری موسڵمانانی كردووە بەوەی كە بە چاكە مامەڵەت لەگەڵدا بكەن:
(اسْتَوْصُوا بِالنِّسَاء خَیْرَاً) .
خوشكی هاودینم: چەند ساتێك گوێ بدە بە قسەكانم چەند چركەیەك لە ژیانی خۆت بۆ خوای میهرەبان تەرخان بكەو ئەم چەند دێڕەی بەردەستت بخوێنەوە ... ئەم بابەتەی كە باسی لێوە دەكەم دڵنیابە گرنگییهكی زۆری لە دونیاو قیامەتی منو تۆیشدا هەیە, ئەویش بابەتی (باڵاپۆشی)یە كە زۆر قسە لەخۆ دەگرێ , بەڵام هیوادارم بەچەند ڕستەو وتەیەك سوود بە خۆمو تۆش بگەیەنم، لێرەدا لەسەرەتای باسەكەمدا پرسیارێكت ئاڕاستە دەكەم: خوشكی بەڕێزم ئایا نوێژو ڕۆژوو بۆ كێ ئەنجام دەدەیت؟ ئەی بۆچی ئەنجامیان دەدەیت؟
بێگومان هەر هەموومان ئامادەییمان تێدا هەیە بۆ وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارە!
وەڵامەكەشی ئەوەیە: بۆ خوای گەورە ئەنجامیان دەدەم، چونكە فەرزی كردووە لەسەرم بۆ ئەوەی لە دونیاو قیامەتدا بەختەوەر بم .
جا خوشكە ڕێزدارەكەم ئەو خوایەی كە نوێژو ڕۆژووی لەسەرت فەرز كردووە هەر ئەو خوایەیە كە (باڵاپۆشی)و حیجابیشی لەسەرت فەرز كردووە بۆ ئەوەی لە دونیاو قیامەتدا بەختەوەر بیت, ئەمیش فەرمانێكی خوای گەورەیە بۆ بەندەكانی كە تایبەتە بە ئافرەتانی باوەڕدارەوە, لەوانەیە زۆر بیانوی جۆراوجۆر بۆ خۆت بهێنیتەوە, بەڵام خوای گەورە هەموو شتێك زۆر باش دەزانێتو یەكێك لە شتە زۆر باشەكانیش بریتییە لە (باڵاپۆشی) بۆ ئافرەتان بۆیە فەرزی كردووە لەسەریان, هیوادارم تۆش یەكێك نەبیت لەو ئافرەتانەی كە دەڵێن: جارێ گەنجینو كاتمان لە پێشەو هەر كاتێك گەورە بوین ئەو كاتە حیجاب دەكەینو باڵامان دەپۆشین! بەڕاستی ئەمە یەكێكە لەو بیانوانەی كە بە داخەوە ئافرەتانی موسڵمان ـ كە خۆیان بە شوێن كەوتەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەزانن ـ خۆیانی پێ دەخەڵەتێنن, بەڕاستی تۆ لەكاتێكدا كە بە توانایتو دەتوانیت بەرەنگاری پیلانەكانی شەیتانو ناحەزانی ئیسلامو ڕەوشت بەرزیو نەفسو ئارەزوو ببیتەوە ئەگەر (باڵاپۆش) بیت ئەو كاتە (باڵاپۆش)یەكەت دەبێتە مایەی حەیاو حیشمەتو بەختەوەریو سەربەرزیت لە نێو كۆمەڵانی خەڵكدا، خۆ ئەگەر لە كاتی پیریدا خۆت (باڵاپۆش) بكەیت ئەوا لەبەر ئەوەی كە دیمەنو روخسارت تێكدەچێت دڵنیابە ئەو كاتە خوای گەورە لێت وەرناگرێت چونكە (باڵاپۆشی) ئەو كاتەت لەبەر ڕەزامەندی خوا نییە!
وە ئایا تۆ لەلایەن هیچ كەسێكەوە پەیمانت پێدراوە كە چەند ساڵێكی تر دەژیتو بەم زووانە نامریتو تەمەن درێژ دەبی؟ ئەی نەتزانیوە مردن بە گەنجیو پیری نییە كە تەمەن كۆتایی پێهات ئەوا دەبێت ماڵئاوایی بكەیت لە دونیا، خوای گەورە دەفەرمووێت: [ إِذَا جَاءَ أَجَلُهُمْ فَلَا يَسْتَأْخِرُونَ سَاعَةً وَلَا يَسْتَقْدِمُونَ] [یونس: 49] .
واتە: هەركاتێك كۆتایی بەتەمەنیان هات ئەوا بۆ ساتێكیش دواناخرێنو پێشیش ناخرێن, چونكە خوای گەورە خۆی ئەجەلی دیاری كردووە بۆ هەر یەكێكمان، چییه؟ تاكەی خۆت دەخەڵەتێنیت؟ تاكەی شەیتان لە خشتەت بەرێت؟
بە دڵنیایی منیش دەمرمو تۆش دەمریتو سەفەری قیامەت لە ڕێی هەموو كەسێكدایە! بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن دەمریتو چۆن ئەم دونیا كاتییە بەجێ دێڵی, ئەگەر ئیماندارو چاكەكار بیت بەردەوامیش بیت لەسەری ئەوا ڕۆح كێشانت ئاسان دەبێتو هەر لەسەرە مەرگدا مژدەی بەهەشتت پێ دەدرێت, بەڵام خوای گەورە پەنای منو تۆش بدات خۆ ئەگەر دوور لە خوا بیتو ملكەچی فەرمانی پەروەردگارت نەبیت ئەوا ڕۆح كێشانت زۆر ناڕەحەت دەبێتو دووچاری سزای سەختی دۆزەخ دەبیتەوە.
وە بشزانە كفن نە گیرفانی هەیەو نە لەسەر مۆدێلیش دەدروێت!!!
خوشكی بەڕێزم بەڕاستیو بەبێ گومان ئەم سەفەری مردنە سەفرێكی یەكجاریو دوورو درێژەو گەڕانەوەشی نییەو تۆش ڕێبواریت لەم دونیادا .. خوشكەكەم ئەو دێمەنەی ڕۆحكێشانو مردن بیهێنە پێش چاوی خۆتو ئەنجا ئاوڕێك لە كردەوەكانت بدەرەوە! بەڕاستی كە مردن یەخەتی گرتو ڕۆحت گەیشتە قوڕگت ئیتر زمان توانای قسەی نامێنێتو دەرگای تەوبە دادەخرێت! دەی بۆ تاوەكو دەرگای تەوبەت لێ دانەخراوە پەشیمان نابیتەوە؟
چونكە تۆ بەو جلەی كە لەبەرتدایە و پێی دەگەڕێیت پێچەوانەو بەرەنگاری فەرمانی خوایەك دەكەیت كە دروستی كردوویت, سوپاس بۆ خوای گەورە چەندین خوشكی تر هەن كە پێش تۆ پەشیمان بونەتەوەو گەڕاونەتەوە بۆ لای خوای گەورەو بەرگی ڕێزداریو حەیاو حیشمەتیان پۆشیوە دەی تۆش پەلە بكەو بگە بە كاروانی تۆبەكارانو چاكەكاران نەك ئەوانەی كە دەڵێن: جارێك زووە .. منداڵین .. گەنجین .. كاتمان ماوە!!! لە خوای گەورە زیاتر كەس نازانێت كەی دەمریت، خوای گەورە دەفەرمووێت: ((وَسَارِعُوا إِلَى مَغْفِرَةٍ مِنْ رَبِّكُمْ وَجَنَّةٍ عَرْضُهَا السَّمَوَاتُ وَالْأَرْضُ أُعِدَّتْ لِلْمُتَّقِينَ))[آل عمران: ١٣٣].
واتە: پێش بڕكێ بكەن بۆ لێخۆشبوونی پەروەردگارتانو بۆ بەهەشتێك كە پاناییەكەی وەكو پاناییی ئاسمانو زەوییە كە ئامادە كراوە بۆ خۆپارێزان لە تاوانو خواپەرستان. دڵنیات دەكەمەوە ئەگەر ببیتە باڵاپۆش ئەوا لەناختدا هەست بە خۆشی ئیمان دەكەیتو ئاسوودەو بەختەوەر دەبیت، وە ئەوەش باش بزانە كە خۆشی ئیمانو خۆشی قیامەت زۆر گرنگترە لەخۆشی دونیا, چونكە ئەم دونیایە كاتییەو هەرچ شتێك بكەیت یان ببینیت هەر تەنها دەڵێی خۆش بوو یان جوان بوو, بەڵام خۆشی دواڕۆژ باشترەو هەمیشەییو بەردەوامیشە، وە ئەوەشت بیردەخەمەوە و ڕاتدەچەڵەكێنم بەوەی كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جارێك ئاگری دۆزەخیان نیشانداو بینی زۆربەی ئەهلی دۆزەخ (ئافرەت) بوون! دەزانیت بۆ چی؟ چونكە هەروەك لە فەرموودەیەكی تردا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی:
(صِنْفَانِ مِنْ أَهْلِ النَّارِ لَمْ أَرَهُمَا: ...، وَنِسَاءٌ كَاسِيَاتٌ عَارِيَاتٌ، مُمِيلاَتٌ مَائِلاَتٌ، رُءُوسُهُنَّ كَأَسْنِمَةِ الْبُخْتِ الْمَائِلَةِ، لاَ يَدْخُلْنَ الْجَنَّةَ وَلاَ يَجِدْنَ رِيحَهَا، وَإِنَّ رِيحَهَا لَيُوجَدُ مِنْ مَسِيرَةِ كَذَا وَكَذَا)((صحيح مسلم رقم: 5704).
واتە: دوو چین لە ئەهلی ئاگرنو من نەیانمبینیون: ...، وە ئافرەتانێك كەوا پۆشاكیان لەبەردایەو ڕووتیشن، بە مەكرو نازو لارولەنجەوە ڕێدەكەنو سەنجی پیاوان بۆ خۆیان ڕادەكێشن، سەریان وەكو تۆپەڵەو كۆپانی سەر پشتی وشتر وایە، ئەو ئافرەتانە ناچنە ناو بەهەشتەوە و هەست بە بۆنەكەیشی ناكەن، هەرچەندە بۆنەكەی ئەوەندەو ئەوەندە ڕێگا هەستی پێدەكرێت
جا خوشكەكەم خۆت ڕزگار بكەو لە خەوی غەفڵەت ئاگادار بەرەوەو دڵنیابە كە تۆ بەرگەی ئەو ئاگرە ناگری, بۆ بەزەیت بەم لاشەیەت نایەتەوە؟
* ئیتر دەیخەمە دەست خۆتو خۆت لەم چركە ساتەدا بڕیار بدە: دوونیای كاتیت دەوێت یان دواڕۆژو بەهەشتی نەبڕاوەو هەمیشەیی؟
واخر دعوانا ان الحمد لله رب العالمین