ژمارەی بینین:

رۆژوو پارێزەرە لە دۆزەخ

نوسەر:مامۆستا جمعه
بەروار:٢٠١٢/٠٧/٢٦

((يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ))البقرة183.
كەواتە مەبەست لە رۆژوو گرتن بۆئەوەیە پارێزراوبین لە ئاگری دۆزەخ و سزای پەروەردگار . لە گەڵ ئەوەی كە حیكمەتی زۆری تێدایە ، هەست كردن بە برسی وتینوەكان ، هەست كردن بە نیعمەتی خواردن وخواردنەوە ، هەست كردن بەوەی كەموسوڵمانان لە ڕووی زەویدا هەمویان یەكن ، چونكە لە هەموو گۆشەیەكی ئەم گەردوونە موسوڵمانان خۆیان ئەگرنەوە لە خواردن وخواردنەوە و ئارەزوەكان .
پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەفەرموێت : (( ... الصیام جنة)) متفق علیە .
رۆژوو قەڵغانە ، رۆژوان ئەپارێزێت لەتاوان و لەقیامەتدا لە عەزاب .

لەسەر كێ‌ واجبە بە رۆژوو بێت ؟
زانایان یەك دەنگن رۆژوو واجبە لە سەر موسوڵمانێك گەر ژیر وباڵغ ولەش ساغ ونیشتەجێ ی خۆی بێت .
هەروەها پێویستە ئافرەتان پاكبن لە خوێنی بێ نوێژی سوری مانگانە و زەیستانی .
• پیرەمێرد و پیرێژن ونەخۆشێك كە ئومێدی چاكبوونەوەی نییە :
هەر كەسێك بێ توانا بێت لە رۆژووگرتن بە هۆی تەمەن یان هەر هۆیەكی تر ، رۆژوو ناگرن و ژەمێك خواردن ئەدەن بە هەژارێك لە جیاتی هەر رۆژێك ، هەروەها ئافرەتی دووگیان وشیردەر ئەگەر توانایان نەبوو یان ترسیان هەبوو لە منداڵەكانیان بۆیان هەیە بێ‌ رۆژوو بن وفیدیە بدەن ، گێڕانەوەیان لەسەر نییە .




پایەكانی رۆژوو
1. نییەت.
2. خۆگرتنەوە لەوەی كە رۆژوو ئەشكێنێت لەفەجرەوە تاوەكو خۆرئاوابوون .

• ئەوەی رۆژووی پێ ئەشكێت :
1. ،2. خواردن وخواردنەوە .
3. خۆڕشاندنەوە .
4. ،5. سوری مانگانەو زەیستانی .
6. جیماع .
7. دەرزی (مغذي) واتە: دەرزیەك كە جێی خواردن دەگرێت.

• ئادابی رۆژوو :
1. پارشێو كردن .
2. دوركەوتنەوە لە قسەی پڕوپوچ وبێ مانا .
3. بەخشندەیی ودەور كردنەوەی قورئان .
4. زوو رۆژوو شكاندن .
5. رۆژوو شكاندن لەسەر خورما ‌و گەر نەبوو ئاو .
6. دوعاو پارانەوە لەكاتی رۆژوو شكاندندا ، بەتایبەت ئەوەی وارد بووە : (ذهب الظمأ وابتلت العروق وثبت الأجر إن شاء الله ) رواة أبو داود