ژمارەی بینین:
هۆكارەكانی خۆشگوزەرانی ئوممەتی ئیسلام
نوسەر:وەرگێڕانی: عبدالوالي عبدالرحیم علي قزلجي
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول(صلى الله عليه وسلم) وعلى آله وصحبه ومن والاه، وبعد: بەروار:٢٠١٢/٠٥/١٨
موسوڵمانان: ئەوەی كە گومانی تێدا نیە لەلای هەموو كەسێكی ژیرو خاوەن عەقڵێكی تەواو, ئەوەیە كە هەموو گەلێك پێویستی بە ڕێنیشان دەرێك هەیە كە ڕێنومایی بكات, وە بیخاتە سەر ڕێگەی ڕاست, وە ئوممەتی پێغەمبەر موحەممەد(صلى الله عليه وسلم) باشترینی ئوممەتەكانەو وە لە هەمووان تایبەتترە بۆ هەستان بە جێبەجێ كردنی فەرمان كردن بە چاكەو ڕێگری كردن لە خراپە هەروەها بانگەواز كردن بۆ چاكە, ئەویش وەكو شوێن پێ هەڵگرتنێك بۆ پێشەواو پێغەمبەرەكەی محمد (صلى الله عليه وسلم), وە ئەوەش هۆكاری خۆشگوزەرانیو ڕزگار بوونیەتی لە دونیاو دواڕۆژدا.
كەواتە ئەوەی كە پێویستە لەسەر هەمو موسوڵمانێك ئەوەیە كە بەپێی دەسەڵاتو وە هێندەی ئەو زانستو توانایەی كە هەیەتی, قۆڵی ئازایەتی لێ هەڵبماڵێ بۆ ئامۆژگاری كردنو ڕێنومای كردنو فەرمان كردن بەچاكەو نەهی كردن لە خراپە بۆ ئەوەی كە ئەستۆ پاك دەربچێتو خەڵكانی تر بەهۆی ئەمەوە هیدایەت وەربگرن.
خودای تەعالا دەفەرمووێت:(وَذَكِّرْ فَإِنَّ الذِّكْرَى تَنْفَعُ الْمُؤْمِنِينَ) [الذاريات: ٥٥] .
واتە: تۆ ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوان بەیاد بهێنەوە, چونكە یاد هێنانەوە سودی دەبێت بۆ ئەوانەی كە بەڕاستی باوەڕیان بە خوداو ڕۆژی دوای هێناوە, وە بێ گومان هەموو باوەڕدارێك بەڵكو هەموو مرۆڤێك پێویستی یەكی هەنوكەی هەیە بە بیرخستنەوە دەربارەی مافەكانی(الله) و مافەكانی بەندەكانیو وە هاندان بۆ جێ بەجێ كردنی ئەو مافانە, وە پێویستیەكی زۆری هەیە بە ئامۆژگاری و وەسیەت كردن بە چاكەو ئارام گرتن لەسەری, (الله) هەواڵی ئەوەی داوە لەناو كتێبە ڕونو ئاشكراكەی دەربارەی خەسڵەتی ئەوانەی كە قازانج دەكەنو هەروەها كردەوە سوپاس كراوەكانیان وە دەربارەی خەسڵەتی دۆڕاوانو خوڕەوشتە قێزەونەكانیان, ئەویش لە دوتوێی زۆرێك لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز, وە لە هەمووشیان كۆكراوەتر ئەو ئایەتانەی سورەتی [العصر]ە, كە (الله) دەفەرمووێت: (وَالْعَصْرِ (1) إِنَّ الْإِنْسَانَ لَفِي خُسْرٍ (2) إِلَّا الَّذِينَ آَمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ (3) ) [العصر: ١ – ٣]. واتە: سوێن بە كات كە شوێنی كردەوەی بەندەكانە وە ئەم سوێند خواردنەش بەڵگەیە لەسەر گەورەیی كات, دڵنیابن لەوەی كە هەموو مرۆڤەكان لە تیاچونو خەسارەومەندی دان, تەنها ئەوانە نەبێت كە چوار سیفەتیان تێدایە: یەكەم: ئیمان دەهێنن بە هەموو ئەو شتانەی كە پێویستە ئیمانی پێ بهێنن, دووەم: پاشان كردەوەی چاك ئەنجام دەدەن كە پاڵپشتی ئیمانەكەیان دەكات, وە بەم دوانە خۆیان تەواو دەكەن پاشان, سێیەم: هەمیشە هەوڵی بانگەوازی كردن دەدەن بۆ ڕێنیشان دانو هاندانی خەڵكی بۆ ئیمانو كردەوەی چاكو ئامۆژگاری خێری خەڵكی دەكەن, چوارەم: لەو پێناوەشدا توشی زۆر ناڕەحەتیو ئازار دەبن هەربۆیە ئارام دەگرنو پشو درێژو نەرمو نیان دەبن لە بەرامبەر خەڵكیدا, دەبینی خودا لەم سورەتە كورتە گەورەیەدا بەندەكانی بەرچاو ڕۆشن دەكات دەربارەی هۆكارەكانی قازانج كە لە چوار سیفەتدا كۆی كردوەتەوە:
یەكەم: باوەڕهێنان بە (الله) و پێغەمبەرەكەی (صلى الله عليه وسلم) .
دوەم: كردەوەی چاك ئەنجام دان.
سێیەم: ئامۆژگاری كردن بە حەق.
چوارەم: ئامۆژگاری كردن بە ئارام گرتن لەسەر ئیمانو كردەوەی چاك.
هەركەسێك ئەم چوار ئاستە تەواو بكات ئەوە گەیشتوە بە بەدەست هێنانی گەورەترین قازانج و شایستەی ئەوە بوە كە پەروەردگاری ڕێزی لێ بنوێنێو سەركەوتن و بەدەست خستنی نیعمەتە نەبڕاوەكانی ڕۆژی دوایشی بۆ مسۆگەر بووە, وە هەركەسێك لابدات لەم چوار خەسڵەتە وە خۆی پێ نەڕازێنێتەوە ئەوە ڕووبەڕووی گەورەترین شكست دەبێتەوە, وە سەر ئەنجام بەرەو دۆزەخ و ماڵی ڕسوایی دەڕوات, وە(الله) لە قورئانەكەیدا سیفاتی سەرفرازان و جۆرەكانی چەند جارێك و لەچەند شوێنێكدا ڕوونكردوەتەوە, بۆ ئەوەی ئەوانەی بەشوێن ڕزگاربوونی خۆیاندا دەچن بیزاننو لێی تێ بگەن وە خۆیانی پێ بڕازێننەوەو بانگەوازیشی بۆ بكەن, بەهەمان شێوە سیفاتی شكست خواردوەكانی باس كردووە لە زۆرێك لە ئایەتەكاندا, بۆ ئەوەی كەسی باوەڕدار بیناسێتەوەو دور بكەوێتەوە لێی.