ژمارەی بینین:

چیرۆکەکانی قورئانی پیرۆز

نوسەر:م.شێرزاد عبدالقادر
بەروار:٢٠١٤/٠٩/٢١

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين، وبعد
بەشێكی گرنگ لەو زانستانەی كە قورئانی پیرۆز لە خۆی گرتووە بریتی¬یە لە چیرۆكی پێغەمبەران(علیهم الصلاة والسلام) و خواناسان، وە بێ‌ گومان باسكردنی ئەم باسە زۆر گرنگە، ئێمەش لەم ژمارەیەدا لەسەر ئەم باسە دەدوێین لەم چەند ڕووەوە
1. مانای چیرۆك لە قورئاندا.
2. تایبەتمەندێكانی چیرۆكی قورئان.
3. سودی باسكردنی چیرۆك لە قورئاندا.
4. دووبارەبوونەوەی چیرۆك لە قورئاندا.
5. چیرۆك لە قورئاندا ڕاستییە نەك (خەیاڵ)
6. سوود وەرگرتن لە چیرۆكی قورئان لە بواری پەروەردەو بانگەوازدا.
* مانای چیرۆك لە قورئاندا.
* چیرۆكەكانی قورئان: بریتییە لەو هەواڵانەی كە قورئان بۆمان دەگێڕێتەوە سەبارەت بە حاڵ و وەزعی ئوممەتەكانی ڕابردوو، وە سەبارەت بە پێغەمبەرانی لەوەو پێش(علیهم الصلاە والسلام)، وە بەو ڕووداوانەی لە سەردەمیاندا هەبووە، وە بەشێكیش لە چیرۆكەكانی قورئان بریتییە لەو ڕووداوانەی كە لە سەردەمی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) ڕووی داوە، وەكو باسكردنی جەنگی بەدرو (أُحُد).
* تایبەتمەندی چیرۆكەكانی قورئان:
یەكەم: چیرۆكەكانی قورئان ڕاستگۆترین چیرۆكن، چونكە بەتەواوی یەكسانن لەگەڵ ڕاستیدا بەبێ‌ هیچ زیادوو كەمێك لێی، هەروەكو خوای گەورە دەفەرمێت: [ومَنْ أصْدَقُ مِنَ اللهِ حديثاً] [النساء: 87].
واتە: ووتەی كەس لە ووتەی خوای گەورە ڕاستتر نی¬یە.
جا هەموو ووتەیەكی خودا، وە هەموو هەواڵێك لە لایەن ئەوەوە لەو پەڕی پلەكانی ڕاستیدایە، وە هەرشتێك بووترێت لە هەر بوارێكدا كە پێچەوانەی هەواڵای خودا بێت ئەوا ناڕاستە، لەبەر پێچەوانەیەتی بۆ هەواڵی ڕاستی بێ‌ گومان.
دووەم: چیرۆكی قورئان جوانترین چیرۆكە، چونكە بەرزترین پلەكانی تەواوی و بەرزی تێدایە لە ڕەوانبێژی مەزنی مانادا، خوای گەورە دەفەرمێت: [نَحْنُ نَقُصُّ عَلَيْكَ أَحْسَنَ الْقَصَصِ بِمَا أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ هَذَا الْقُرْآَنَ] [يوسف: 3].
واتە: ئەی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) ئێمە جوانترین و چاكترین چیرۆكت بۆ دەگێڕینەوە كە لەو پەڕی ڕاستی و مانا جوانی و ووشە پتەویدان، ئەم گێڕانەوەیەش بەهۆی ئەوەی كە قورئانمان بۆت دابەزاندووە كە جۆرەها باس و ڕووداوی تێدایە، هەرچەندە تۆش ئەی پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) لە پێش ئەم قورئانە بێ‌ ئاگا بوویتە لە پەیامی خودا، بەڵام قورئانمان كردە ڕۆشنی¬یەك بۆ تۆ، وە بۆ هەركەسێك كە شوێنی بكەوێت.
سێ‌¬یەم: چیرۆكی قورئان بەسودترین چیرۆكە، چونكە كاریگەری بەهێزە لە چاككردنی دڵەكان و كردەوەكان.
خوای گەورە دەفەرمێت: [لَقَدْ كَانَ فِي قَصَصِهِمْ عِبْرَةٌ لِأُولِي الْأَلْبَابِ] [يوسف: 111].
واتە: بەڕاستی لە چیرۆكی پێغەمبەران لەگەڵ نەتەوەكانیاندا جۆرەها پەندو ئامۆژگاری هەیە بۆ خاوەن عەقڵەكان، چی چاكەكاران، وە چی خراپەكاران كە هزری خۆیان بجوڵێنن، وە بۆیان دەردەكەوێت كە هەركەسێك هەمان كاری ئەو پێشینانە بكات هەمان ئەنجامی دەبێت لە خۆشی یان سزاو ناخۆشی. وە هەروەها بۆیان دەردەكەوێت كە خودای پەروەردگار خاوەنی سیفاتی هەرە تەواو بەرزە، وە خاوەنی دانایی¬یەك و بڕیاردانێكی تەواوە، وە تەنها هەر ئەو خودایەیە كە دەبێت پەرستنی بۆ ئەنجام بدرێت، جا هەر كەسێك بییەوێـت چیرۆكەكانی قورئان جوانتر بكات یان تەواوتر بكات بەوەی چەند باسێكی بۆ زیاد بكات لە هەواڵی میژوویی گاورو جولەكە كە نازاندرێت ئەو هەواڵانە ڕاستن یان ناڕاستن، ئەوا كارێكی هەڵەی كردووە لە چەند لایەكەوە. ئەم جۆرە هەواڵانەش كە بە سەنەدی صحیح نەهاتوونە، وە كە قورئان شایەتی لەسەر نادات زۆر بڵاوە لە كۆمەڵێك لە تەفسیرەكان، وە زۆرتریش لە فلیمە بەناو (ئایینی¬یەكان).
* سوودەكانی گێڕانەوەی چیرۆك لە قورئان.
خوای گەورە چیرۆكێكی زۆری بۆمان باسكردووە لە قورئاندا، ئەمەش بێ‌ گومان سوودی زۆری هەیە:.
1. جێگیركردن و شایەتیدان لەسەر ڕاستی¬یەتی پەیامی پێغەمبەرایەتی محمد (صلى الله عليه وسلم) چونكە هەواڵی نەتەوەكانی ڕابردوو تەنها خودا دەی زانێ‌، جا هەر چیرۆكێك لە چیرۆكەكانی نەتەوەكانی ڕابردوو بەڵگەی تەواوە لەسەر ڕاستی¬یەتی پێغەمبەرایەتی محمد (صلى الله عليه وسلم) چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو جۆرە چیرۆكانە بۆ كەسانی دەوروپشتی خۆی دەگێڕایەوە لە دۆست و دوژمنی لەگەڵ ئەوەشدا كتێبی هیچ كەسێكی نەخوێندبوو، وە لای كەسیش وانەی نەخوێندبوو، لەهەمان كاتیشدا قەومەكەی بەیانی و ئێوارە دەیان بینی لە نێوان خۆیاندایە، وە دەیان زانی پێغەمبەرێكە نە توانای خوێندنی هەیە نەنووسین، لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم)، وە گێڕانەوەی بۆ چیرۆكەكانی وەكو هەواڵ و چیرۆكی كتێبەكانی پێغەمبەرانی(علیهم الصلاة والسلام) پێش خۆی بووە.
2. ڕوونكردنەوەی دانایی خودا لەوەی كە چیرۆكەكان لەخۆی گرتووە هەروەكو خوای گەورە ئەفەرمێت:
[وَلَقَدْ جَاءَهُمْ مِنَ الْأَنْبَاءِ مَا فِيهِ مُزْدَجَرٌ حِكْمَةٌ بَالِغَةٌ] [القمر: 4-5].
واتە: بەڕاستی بێ‌ باوەڕان هەواڵی زۆریان پێ‌ گەیشتووە لە هەواڵی ڕابردوو هەواڵی دێ‌، وە لەجۆرەها (معجیزات)، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو شتانە ببێت بە قەدەغەلێكەرێك بۆیان لە بێ باوەڕی و نەزانیان، هێنانەوەی ئەم هەواڵ و ڕووداوانە لە لایەن خودا لەسەر زاری پێغەمبەرانی(علیهم الصلاة والسلام) داناییەكی زۆر مەزنە لە لایەن خوداوە، بۆ ئەوەی بەڵگەی خودا جێگیر بێت لەسەر بێ باوەڕان، وە هیچ كەسێك لە دوای هاتنی پێغەمبەران(علیهم الصلاة والسلام) پاساوی نەمێنێت.
3. ڕوونكردنەوەی دادپەروەری خودا لە سزادانی بێ‌¬باوەڕان. هەروەكو خودا دەفەرمێت: [وَمَا ظَلَمْنَاهُمْ وَلَكِنْ ظَلَمُوا أَنْفُسَهُمْ فَمَا أَغْنَتْ عَنْهُمْ آَلِهَتُهُمُ الَّتِي يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ مِنْ شَيْءٍ لَمَّا جَاءَ أَمْرُ رَبِّكَ] [هود: 101].
واتە: كاتێك ئێمە بێ‌باوەڕانمان لە ناوبرد ئەوا ستەممان لێیان نەكرد، بەڵام خۆیان ستەمیان لەخۆیان كرد بەئەنجام دانی جۆرەها هاوەڵ بڕیاردان و بێ‌باوەڕی و بەرەنگار بوونەوەی پێغەرمبەران(علیهم الصلاة والسلام)، جا كاتێك فەوتاندنیان بەسەر هات ئەوا ئەو پەرستراوە ناڕاستانەی كە دەیان پەرست هیچ سودێكی پێیان نەگەیاند.
4. ڕوونكردنەوەی ئەوەی كە خودا چۆن پاداشتی باوەڕدارانی داوەتەوە، هەروەكو چیرۆكی باوەڕدارانی قەومی (لوط) (عليه السلام) دەفەرمێت: [إِنَّا أَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ حَاصِبًا إِلَّا آَلَ لُوطٍ نَجَّيْنَاهُمْ بِسَحَرٍ نِعْمَةً مِنْ عِنْدِنَا كَذَلِكَ نَجْزِي مَنْ شَكَرَ] [القمر: 34-35].
واتە: دوژمنانی (لوط)مان لەناودا، بەڵام (لوط (عليه السلام) و شوێن كەوتووانیمان ڕزگار كرد لە سزای گەورە، بە هۆی سوپاس كردنیان بۆ خودا، وە بەهۆی پەرستنیان بۆ خودای گەورە.
5. دڵ نەوایی كردنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوەی كە تووشی دەبێت لە ئازارو ناخۆشی لە لایەن بێ‌ باوەڕانەوە. هەروەكو خوای گەورە دەفەرمێت: [فَإِنْ كَذَّبُوكَ فَقَدْ كُذِّبَ رُسُلٌ مِنْ قَبْلِكَ جَاءُوا بِالْبَيِّنَاتِ وَالزُّبُرِ وَالْكِتَابِ الْمُنِيرِ]
[آل عمران: 184].
واتە: ئەی پێغەمبەری خودا (صلی الله علیە وسلم) گەر بێ‌باوەڕان تۆیان بە درۆ زانی ئەوا بزانە ئەمە داب و نەریتی ستەمكارانە، چونكە دابیان بریتییە لە كوفر كردن بەخوا، وە بە درۆخستنەوەی پێغەمبەران(علیهم الصلاة والسلام)، وە ئەم دژایەتییەیان لە نەزانی و پێ‌ نەگەیشتنی ڕاستی نییە بۆیان، بەڵكو ئەمە لە دوای ئەوەی كە پێغەمبەرەكانیان (علیهم الصلاة والسلام) بەڵگەی ڕوونكردنەوەی زۆریان بۆ هێناون، وە كتێبی ئاسمانی خودایان بۆ هێناون كە ڕوونكەرەوەن بۆ حوكمە شەرعییەكان، وە ڕوونكەرەوەن بۆ هەواڵی ڕاست و بەسوود، جا ئەگەر ئەمە دابیان بێت لەگەڵ پێغەمبەراندا ئەوا تۆ خەفەتیان لێ‌ مەخۆ، وە بەردەوام بە لەسەر بانگەوازەكەت.
6. ڕوونكردنەوەی ئەوە كە پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) پەروەردەكاری بڕوادارانن، بە جۆرێك كە موسڵمانان كەمترین چاكەیان بەدەست نەهێناوە، وە كەمترین خراپەیان لەسەر لانەچووە مەگەر لەسەر دەستی پێغەمبەران نەبێـت(علیهم الصلاة والسلام)، جا زۆر ناشرینە بۆ موسڵمانان كە بێ‌ ئاگابیت لە حاڵی پەروەردەكەری و مامۆستاكەی، خۆ ئەگەر شتێكی خراپ بێت مرۆڤـ بێ‌ئاگا بێت لە حاڵی دایك و باوكی، ئەوا بێ‌ئاگا بوون لە حاڵی پێغەمبەرەكەی زۆر خراپترە، چونكە پێغەمبەرەكەی چاكترە بۆ ئەو لە خودی نەفسی خۆشی، هەر بۆیەش لە دوای مافی خودا – مافی پێغەمبەران(علیهم الصلاة والسلام) لە پێش هەموو مافێكە.
7. پەند وەرگرتن لەوەی ڕووی داوە لە ژیانی پێغەمبەران(علیهم الصلاة والسلام)، موسڵمانیش بەم كارە مامۆستایەتی جوان وەردەگرێت، وە زۆر ناڕحەتی لەسەر سوك دەبێتەوە، چونكە ئەو ناڕحەتییانە هەرچەندە زۆر بن ئەوا ناگاتە بەشێكی زۆر كەم لەوەی كە بەسەر پێغەمبەراندا (علیهم الصلاة والسلام)هاتووە.
گەورەترین سودمەندبوون لە ژیانی پێغەمبەران بریتی¬یە لە شوێنكەوتنیان لە ئامۆژگارییەكانیان، وە لە چۆنێتی گەیاندنی زانستی شەرعی بە پێی پلەكان و هەستی مرۆڤەكان، وە لە ئارام گرتن لەسەر كاری فێركردن، وە لە بانگەوازكردن بۆ ڕێگای خودا، هەر بەم شتانەش زانایان بوون بە میراتگری پێغەمبەران.
8. وە یەكێك لە سوودەكانی شارەزابوون لە چیرۆكی پێغەمبەر محمد (صلی الله علیە وسلم) بریتییە لە شارەزابوون لەمانای ئەو ئایەتانەی كە لەسەری دابەزیوە، چونكە گەیشتن بەمانا پەیوەستە بەزانینی حاڵی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم)، وە چۆنێتی هەڵسوكەوتی لەگەڵ هاوەڵان و نەتەوەكەی وە لەگەڵ كەسانی دیكەش، چونكە كاتەكان و كەسەكان و شوێنەكان جیاوازن زۆر لەناو یەكدا.
9. بەشێك لە مافەكانی پێغەمبەران بەسەرماندا – بەتایبەت محمد(صلى الله عليه وسلم) بریتی¬یە لە ناسینیان، وە خۆشەویستیان خۆشەویستی¬یەكی ڕاست و تەواو، ڕێگاش بۆ ئەم مافە نی¬یە جگە لە زانینی حاڵ و چیرۆكیان.
10. زانین بە حاڵ و چیرۆكی پێغەمبەران(علیهم الصلاة والسلام) وا لە موسڵمانان دەكات كە سوپاسی خودا بكەن بەوەی كە پێغەمبەرێكیان بۆ ڕەوانە كراوە كە پاكیان دەكات، وە فێری كتێبی خوایان دەكات لە پاش ئەوەی كە ئەو نەتەوانە لەو پەڕی گومڕایی دا بوون.
دووبارەبوونەوەی چیرۆكەكان
هەندێك لە چیرۆكە قورئانییەكان تەنها جارێك باس كراوە، وەكو چیرۆكی (لقمان) و (هاوەڵانی ئەشكەوت) وە هەیانە چەند جارێك دووبارە دەبێتەوە بەپێ‌¬ی ئەوەی پێویستی و بەرژەوەندی دەی خوازێ‌، ئەم دووبارەكرانەوەیەش بەیەك شێواز نایەت، بەڵكو جیاوازن لە كورتی و درێژی و شێوازی دەربڕینی، وە باسكردنی هەندێك لایەنەكانی چیرۆكەكە لە شوێنێك، وە باسكردنی هەندێكی دیكە لە شوێنێكی تر. ئەمەش بێ‌ گومان چەندەها سوودو دانایی تێدایە:
1. ڕوونكردنەوەی ئەوەی كە ئەم چیرۆكە زۆر گرنگە، هەر بۆیەش دووبارە كراوەتەوە.
2. بەهێزی ئیعجازی قورئان، چونكە هێنانەوەی یەك مانا بە چەند شێوازێكی جۆراوجۆر لەگەڵ بێ‌ دەسەڵاتی عەرەبەكانی سەردەمی دابەزینی قورئان زۆر بەهێزترە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو عەرەبانە.
3. گرنگی دان بەباسی چیرۆكەكە لە پێناو جێگیربوونی پەندو ئامۆژگاری¬یەكانی لە دەرووندا، چونكە دووبارە كردنەوەی باس لە ڕێگاكانی بەهێز كردنێتی، وە لە نیشانەكانی گرنگی دانە پێی، هەروەكو ئەمە زۆر بەڕوونی دەبینین لە چیرۆكی (موسی)دا (عليه السلام) لەگەڵ (فیرعەون)دا، چونكە ڕووداوێكە ناكۆكی و بەرەنگاربوونەوە دەنوێنێ‌ لە نێوان ڕاستی و ناراستی¬دا بەو پەڕی نواندن. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی چیرۆكی قورئان دووبارە نابێتەوە لە خودی یەك سورەتدا هەرچەند لە چەندەها شوێنی دیكەدا دووبارە ببێتەوە.
4. جیاوازی ئەو مەبەستەی كە چیرۆكەكە لەپێناویدا دەهێنرێتەوە، قورئانی پیرۆز هەندێك لەو مانایانە دەهێنێتەوە لە شوێنێكدا كە مەبەستە لەو چیرۆكە، بەڵام چەند مانایەكی دیكە دەهێنێتنەوە لە شوێنی تردا لە قورئان ئەو مانایانە مەبەستە لە هەمان چیرۆكدا، ئەمەش بە پێی جیاوازی ئەوەی كە ئەو حاڵەتە دەی خوازێ‌.
چیرۆكی قورئان ڕاستی¬یە نەك خەیاڵ:
ئەوەی لێرەدا شایەنی ووتنە ئەوەیە كە یەكێك لە خوێندكارە زانكۆیەكانی ووڵاتی (میصر) نامەیەكی(دكتۆرا)ی پێشكەش كرد بۆ كۆلێژەكەی (كۆلێژی ئاداب) لە ساڵی (1367)ی كۆچی. كە ناونیشانی نامەكەی بریتی بوو لە (الفن القصصی فی القرێ‌ن)، واتە: (هونەری چیرۆك لە قورئاندا). ئەم نامەیەش دەنگ ومشتومڕی زۆری دروست كرد لە ناوەندەكانی خوێندنی ئەو سەردەمەدا.
لە ڕاستیدا ناوەڕۆكی ئەم نامەیە- هەروەكو هەندێك لە مامۆستایانی ئەو شوێنە باسی لێوە دەكەن- بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بنەمای چیرۆكی قورئان بریتی¬یە لە كارێكی هونەری و ئەدەبی، وە ملكەچە بۆ باسكردنی ماناو هەستی زیاد لە ناو چیرۆكدا ئەگەر ئەو ماناو هەستانە لە ڕاستیشدا نەبن.
واش دەردەكەوێت كە ئەم خوێندكارە هونەری چیرۆكی ئەدەبی خوێندووە، لەوەش گەیشتووە كە گرنگترین بنەمای ئەو جۆرە چیرۆكانە ئەوەیە كە دانەرەكەی پەنا بەرێتە بەر هێنانە كایەوەی خەیاڵو مانای تازە. وە هەرچەندە ئەم خەیاڵە زۆرتربێت وە دوورتربێت لە ڕاستی ڕودانی¬یەوە ئەوا ئەو چیرۆكە خەڵكی زیاتر حەزیان پێ‌ دەبێ‌، وە زیاتر لەزەت لە بیستنی یان خوێندنەوەی دەكەن.
لە پاشان ئەم خوێندكارە- وادەردەكەوێت- چیرۆكەكانی قورئانی پێواوەتە سەر چیرۆكی ئەدەبی مرۆڤەكان.
بەڵام قورئانی پیرۆز وا نی¬یە، چونكە دابەزێنراوە لە لایەن خودایەكی زاناو دانادا، وە هەر هەواڵ و باسێك هەبێت ئەوا ڕاستەو یەكسانە لەگەڵ ڕاستی¬دا، هەروەكو لەوەو پێش باسمان كرد، خۆ ئەگەر مرۆڤە ئاقڵەكان خۆیان بەدوور بگرن لە درۆ، وە زۆر بە خراپ و نرخ شكێنی مرۆڤـــ دا بنێن، ئەوا چۆن دەبێت مرۆڤی ژیر تۆمەتی ناڕاستی بداتە پاڵ ووتەی خودای مەزن.
گومانیش لەوەدا نی¬یە كە خوای گەورە (حقَّ)ە، وە ناردنی پێغەمبەرەكەی(صلى الله عليه وسلم) بە (حەق)و ڕاستی-یە، وە هەر ووتەیەكی خودا كە پێغەمبەرەكەی دەی گەێنێ‌ ڕاست و دروستە، جا بە هیچ شێوازێك گومانی (خەیاڵ)و ناڕاستی لە قورئاندا مەزەندە ناكرێت.
*گرنگی بەكارهێنانی چیرۆكی قورئان لە بواری پەروەردەدا:
گومان لەوەدا نییە كە چیرۆكی پتەو جوان زوو دەڕواتە ناو دڵی مرۆڤەوە، وە بیسەر باشتر ئامادەیە بۆ بۆ وەرگرتنی، بەبێ‌ ئەوەی تووشی بێزاری ببێت، لە هەمان كاتیشدا جوانترین سوود لەو مەبەستانە وەردەگرێت كە مەبەست بووە لە هێنانەوەی ئەو چیرۆكە بۆی.
شێوازی وانە ووتنەوەی سادە- دوور لە چیرۆك- بێزاری بۆ بەرامبەرەكە دروست دەكات، لاوانیش ناتوانن بەردەوام گوێ‌ بیستی ئەو وانەیە ببنەوە مەگەر بەزەحمەت نەبێت. هەر بۆیەش بەكارهێنانی ڕێگای چیرۆك سوودی زیاترە.
جا لە چیرۆكەكانی قورئانی پیرۆز باسی زۆر بە پیت هەیە كە یارمەتی دەری مامۆستایان و بانگەواز كارانی ڕێگای خودان بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن لە كارەكەیاندا، چونكە ئەو چیرۆكانە بابەتێكی پەروەردەكەریان پێ‌ دەبەخشێت لە چیرۆكی پێغەمبەران، وە لە هەواڵی نەتەوەكانی ڕابردوو، وە لەوەی كە خودا چی بەسەر ئەواندا هێناوە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی كە هەمووی چیرۆكی ڕاست و دروستن. جا ئەو كەسەی كە كاردەكات لە بواری فێركردن و بانگەوازدا ئەوا دەتوانێت ئەو چیرۆكە بگێڕێتەوە بە جۆرێك و شێوازێك كە گونجاوە لەگەڵ ئاستی ڕۆشنبیری فێرخوازەكان و گوێ‌ گرەكان. ئومێدیش دەكرێت كە بەكارهێنانی ئەم شێوازە بەروبوومێكی زۆر باشی هەبێ‌.
بەمەش كۆتایی دەهێنین بە باسی ئەم جارە. بۆ ژمارەی داهاتوو هەوڵ دەدەین -إن شا‌و الله- بدوێین لە بارەی باسێكەوە كە پەیوەندی هەیە بە چەند لایەكی چیرۆكەوە، ئەوەش باسی (الإسرائیلیات)ە .
وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين