ژمارەی بینین:

دەست گرتن بە سوننەتی پێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم، وە دوركەوتنەوە لە بیدعە

نوسەر:م: عبدالسلام رؤوف
بەروار:٢٠١٤/٠٤/٠٤

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله وحده والصلاة والسلام على من لا نبـي بعده
خوێنەری بەرێز بەیارمەتی خودای گەورە لەبابەتی ئەم جارەدا دەچینە خزمەت ئامۆژگارییەكی بەسود لەلایەن پێشەوایەكی خۆشەویستەوە كە (معازی كوری جەبەلە رضي الله عنه) .
ئەم ئامۆژگاریەیش ئیمامی ئەبو داود لەسوونەنەكەیدا بۆمان دەگێڕێتەوە بە ژمارە(4611-4612) لە بابەتی
(كتاب السنة، باب من دعا الى السنة).
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كەهاوەڵە بەڕێزەكانی پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم وپیاوچاكانی دوای ئەوان كەچەند گرنگییان داوە بەدەست گرتن بەسوننەتەوە، وە چەند خۆیان و خەڵكیان ئاگادار كردۆتەوە لەخراپی بیدعە و شتە زیاد كراوەكانی ناو ئایینی پیرۆزی ئیسلام.
ئەم ئامۆژگارییە لەلایەن ئەبو ئیدریسی خەولانی كە ناوی (عائذ الله) لە یەزیدی كوری عومەیر كە یەكێكە لە هاوەڵانی موعازی كوری جەبەلە رضي الله عنه بۆمان دەگێڕێتەوە، ئەویش لە موعازی كوری جەبەلەوە رضي الله عنه بۆمان دەگێڕێتەوە دەفەرمووێت: موعازی كوری جەبەل رضي الله عنه هەموو كات


لە دانیشتنەكانیدا كە بریتی بوو لە دانیشتنی زیكرو یادكردنەوە ئامۆژگاری دەی فەرموو: خودای گەورە خودایەكی حاكم و دادپەروەرە, بەڕاستی بەهیلاك چوون ئەو كەسانەی كە لە گوماندان, پاشان فەرمووی ئاگاداربن لە دوای ئێوەوە ڕۆژانێك دێت پڕە لە ناخۆشی تاقیكردنەوە, ڕۆژانێكە ماڵ و سەروەت و سامان زۆر دەبێت لە ناو خەڵكیدا, ڕۆژانێك دێت قورئان خوێن و شێوازی قورئان خوێندن زۆر دەبێت بە شێوازێك خەڵكانێكی زۆر قورئان دەخوێنن لە ئیمانداران و مونافیق وە لە پیاوان و ژنان وە لە گەورە و بچووك لە ئازادو كۆیلە, هەتا وای لێ دێت بیدعەو شتی داهێنراو لەناو دیندا زۆر دەبێت بە جۆرێك كە خەڵكی واز لەشوێنكەوتنی قورئان و سوننەت دێنن وە شوێنی بیدعە و شتە داهێنراوەكان لەناو دیندا دەكەون, لەو كاتەدا وای لێ دێت كە زۆر نزیكە كەسانێك بڵێن: ئەوە بۆچی خەڵكی شوێنی خۆم و قسەكانم ناكەون!! خۆ من قورئانیان بۆ دەخوێنم جا ئەم جۆرە كەسانە لەبەر بێ دڵسۆزیان بۆ دین بایەخ دانیان بە بوونی خۆیان و خۆویستی خۆیان بیردەكەنەوە كە چۆن دەست بكەن بە بیدعە كردن و شت دروست كردن بەناوی دین تا خەڵكی شوێنیان بكەون.

پاشان موعاز رضي الله عنه فەرمووی: ئاگاداربن لە كارو بیدعەی ئەم جۆرە كەسانە, چونكە هەموو داهێنراوێك لە دین گومڕاییە وە خەڵكی بەرەو گومڕایی دەبات.
جا لە پاشان فەرمووی: ئاگادارتان دەكەمەوە لە هەڵەو لادان لە ڕاستی كە هەندێك جار لە زانایان ڕوو دەدات, چونكە هەندێك جار شەیتان دەبێتە هۆكار بۆ ووتنی قسەی خراپ و نادروست لەسەر زمانی كەسانی زانا, بەهەمان شێواز هەندێك كەسانی مونافیق و دوو ڕوو ووتەی هەق دەڵێن.
ئینجا یەزیدی كوڕی عومەیر فەرمووی: بە موعازم رضي الله عنه ووت: چۆن بزانم كە هەندێ جار كەسانی زانا ووتەی ناحەق دەڵێن لە زمانیان دەردەچێت وە كەسانی دووڕوو مونافیق هەندێ جار ووتەی حەق دەڵێن؟ موعاز فەرمووی: بەڵێ, هەندێ جار شتی وا ڕوودەدات لە كەسانی زانا و كەسانی مونافیق و دووڕوو, جا بۆیە دوور بكەوەرەوە لە ووتەی كەسی زانا كە كاتێك ووتەكەی بە ئاشكرا ناحەقە, لەكاتێكدا كە خەڵكی ئەم ووتە دەبیستن دەڵێن جێگای سەرسوڕمانە ئەم ووتەیە لەم جۆرە كەسانەوە, بەوە ئاگادار بە ئەم جۆرە قسانە كە هەندێ جار لەسەر زمانی ئەم كەسانە دەردەچێت لات نەدات لەسەر ڕێگای ڕاست وە ووتەكانیان وات لێ نەكات كە وازبێنیت لە هەوەڵێتیان, چونكە لەوە دەچێت ئەم زانایە كاتێك بێت پەشیمان بێتەوە لەم ووتانەی خۆی كە پێچەوانەی ڕاستییە.
جا ئەوەی لەسەر تۆیە ئەوەیە كە ڕاستی وەر بگریت با لەكەسانی مونافیق و دوو ڕوویش بێت، چونكە لەناو حەق و ڕاستی ڕووناكی و ڕۆشنایی دیار و ئاشكرا هەیە, وە خۆت بپارێزە لە بیدعە و شتی پێچەوانە بە ئایین با لەسەر زمانی كەسانی زانایش دەربچێت, چونكە ووتەو كاری بیدعەو داهێنراو لە دیندا كاتێك خەڵكی دەیبینێت یاخود دەیبیستێت خۆیانی لێ دەپارێزن وئینكاری دەكەن بەهۆی ڕووناكی سونەتەوە، وە لەناو بیدعەدا خراپە و تاریكی دەردەچێت و بەری دەگرێت با ئێستا دیار نەبێت بەڵام لە داهاتوودا دەردەكەوێت.
وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين