ژمارەی بینین:

بڕیارێکی زیرەکانە

نوسەر:م. عبدامجيد
بەروار:٢٠١٣/٠١/٠١

(الطفیل ی کوڕی عمرو) کەسێکی گەورەو ناوداری ھۆزی (دەوس) بوو .. ھۆزەکەی ھەمیشە گوێبیستی ئەو دەبوون و فرمانەکانیان جێبەجێ دەکرد.. ڕۆژێک ھات بۆ مەککە بۆ ھەندێ کاری پێویست .. کە ھاتە ناو شارەوە .. ڕێزدارو پیاوماقوڵانی (قورەیش) ئەویان بینی .. ھاتن بۆلای و پیان ووت: تۆ کێی؟ فەرمووی: من (الگفیل ی کوڕی عمرو) م گەورەی ھۆزی (دەوس), ئەوانیش تەماشای یەکتریان کرد .. لەوە ترسان پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بیبینێ و بانگی بکات بۆ ئایینی ئیسلام .. ئەگەر ئەم گەورە پیاوە موسڵمان بێت، ئەوا ئیسلامی پێ بەھێز دەبێت .. بۆیە کۆبوونەوە لەسەری و یەکێکیان پێی ووت: لێرە لە مەککە کابرایەک ھەیە خۆی بە پێغەمبەر دادەنێت .. وریابە لە گەڵیدا دامەنیشە و گوێ لە قسەکانی مەگرە .. چونکە ئەو کەسێکی جادوو بازە .. ئەگەر گوێی لێ بگریت، ئەوا عەقڵت لە دەست دەدەیت .. یەکێکی تر ھەمان قسەی کرد ... سێھەمیش لەوان زیاتری ووت .. قسەیەکی زۆریان کرد .. (الطفیل) دەڵێت: سوێند بە خوا .. ھێندە قسەیان کرد، تاکو لیێ ترسام .. وە بڕیارمدا کە گوێ لە قسەکانی نەگرم و قسەی لەگەڵدا نەکەم .. بەڵکو بە لۆکە ھەردوو گوێی خۆم پڕ کردەوە .. چونکە لەوە ترسام قسەیەکی پێم بگات کاتێ بە لایدا تێدەپەڕم ڕۆیشتم بۆ مزگەوت .. پێغەمبەری خوام (صلى الله عليه وسلم) بینی لە کەعبە نوێژی دەکرد .. منیش نزیکی بوومەوە خوای گەورە حەزی کرد گوێبیستی ھەندێک لە قسەکانی بم .. گوێم لە قسەیەکی خۆش بوو .. لە دڵی خۆمدا ووتم: لەبار دایکت بچوایەی .. تۆ کەسێکی عاقڵیت .. چاکەو خراپەت لێ ناشاردرێتەوەو تێکەڵ نابێت .. چی ڕێگام لێدەگرێ کە من گوێ لەم کابرایە بگرم .. ئەگەر ئەوەی کە لای ئەوە باش بێت ئەوە وەری دەگرم .. وە ئەگەر خراپ بوو وازی لێ دەھێنم .. چاوەڕوانی بووم، تاکو لە نوێژەکەی بووەوە .. کاتێ ھەستاو ڕۆیشتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی شوێنی کەوتم .. تاکو چووە ژوورەوە .. ووتم: ئەی محمد (صلى الله عليه وسلم) کەس وکارەکەت دەربارەی تۆ زۆریان ووتووە .. سوێند بەخوا ھێندە ترساندمیان، تاکو ھەردوو گوێی خۆم بە لۆکە گرت، بۆ ئەوەی گوێ لە قسەکانت نەگرم .. وە منیش گوێم لە قسەی خۆش بوو لە تۆوە .. بۆیە ئەوەی کە پێتە پێم بڵێ.. بۆیە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ڕووی گەشایەوەو خۆشحاڵبوو .. وە باسی ئیسلامی بۆ کرد .. وە قورئانی بەسەردا خوێندەوە .. (الطفیل) بیری لە حاڵی خۆی کردەوە .. بینی ھەموو ڕۆژێک کە دەژێ لە خوا دووری دەکاتەوە .. بینی ئەو بەرد دەپەرستێ گوێی لە داواکەی نییە ئەگەر داوای لێبکات .. وە وەڵامی بانگەکەی ناداتەوە ئەگەر بانگی بکات .. وە ئەمەش ڕاستییە و لێی ڕوون بووەتەوە پاشان (الطفیل) بیری لە دەرئەنجامی موسڵمان بوونی کردەوە .. چۆن دینی باو باپیری خۆی بگۆڕێ؟.. خەڵکی چی دەربارەی دەڵێن؟ ئەو ژیانەی کە بەسەری برد .. سامانەکەی کە کۆی کردووەتەوە ..کەس وکاری .. کوڕەکەی .. دراوسێکانی .. ھاوڕێکانی .. ھەموو ئەمانە تێک دەچن .. (الطفیل) بێدەنگ بوو .. بیر دەکاتەوە .. دونیا و دواڕۆژی خۆی ھەڵدەسەنگێنێ .. بەڵێ .. ڕاستە ڕێی ئەم دینە دەگرێتە بەر .. کێ ڕازییە با ڕازی بێت .. ئەوەیشی پێی پەست دەبێت با پەست بێت .. ئەھلی زەوی چی دەکات .. ئەگەر ئەھلی ئاسمان لێت ڕازی بێت؟.. سامان و ڕزق و ڕۆزی بە دەست ئەوخوایەیە کە لە ئاسمانە .. نەخۆشی و تەندروستی بە دەست ئەو خوایەیە کە لە ئاسمانە .. پلەو پایەو ڕووی لەناو خەڵکیدا بە دەست ئەو خوایەیە کە لە ئاسمانە .. بەڵکو ژیان و مردن بە دەست ئەو خوایەیە کە لە ئاسمانە .. ئەگەر ئەھلی ئاسمان ڕازی بێت .. چیتر گوێی پێنادات ئەوەی لەم دونیایەدایە لە دەستی دەربچێت .. ئەگەر خوا خۆشی ویست .. با خەڵکی لێی پەست بێت .. با خەڵکی خۆی لێ دوور بکاتەوە .. با خەڵکی پێی ڕابوێرێ ..
فليتك تحلو والحياة مريرة وليتك ترضى والأنام غضاب
ويا ليت بيني وبينك عامر وبينـــي وبين العالمين خراب
إذا صح منك الود فالكل هيّن وكـــل ما فـــوق التراب تراب

واتە:
(پەروەردگارا) خۆزگە تۆ شیرین دەبویت لەگەڵ مندا, با ھەموو ژیان تاڵ بێت
وە خۆزگە تۆ رازی دەبویت با ھەموو خەڵکی لێم پەست بن
وە خۆزگە ئەوەی لە نێوان من و تۆدایە ئاوەدان دەبوو
وە ئەوەی لە نێوان من و ھەموو خەڵکیدایە با وێرانە بێت
ئەگەر خۆشەویستیت بەرامبەر بە من تەواو دەبوو ئەوا ھەموو شتێک ئاسانە
وە ھەموو ئەوەی کە لەسەر ئەم گڵەیە ھەر گڵە
بەڵێ ھەر لە ھەمان جێگا موسڵمان بوو .. شایەتمانی بە ڕاستی ھێنا .. ئینجا ھیممەتی بەرز بووەوە فەرمووی: ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) من کەسێکم لەلایەن کەس وکارمەوە گوێم لێ دەگیرێ .. من دەگەڕێمەوە بۆلایان و بانگیان دەکەم بۆ ئیسلام .. پاشان (الگفیل) لە مەککە دەرچوو.. بە پەلە چوو بۆلای ھۆزەکەی .. خەمی ئەم دینەی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتبوو.. بە چیاکاندا سەری دەخست و بە دۆڵەکاندا دایدەبەزاند .. تاکو گەیشتە لای ھۆزەکەی .. کە گەیشتە لای کەس و کاری .. باوکی پێشوازی لێکرد کە پیرە مێردێکی بە تەمەن بوو .. (الطفیل) فەرمووی: لێم دوور بکەرەوە باوکە گیان .. چونکە من لەتۆ نیم و تۆ لە من نیت... باوکی فەرمووی: بۆ کوڕم چی بووە؟ فەرمووی: موسڵمان بوومەو شوێنی دینی محمد(صلى الله عليه وسلم) کەوتووم .. فەرمووی: دینی من دینەکەی تۆیە .. فەرمووی: بڕۆ خۆت و جل و بەرگەکەت پاک بکەرەوە ..ئینجا وەرە بۆ لام، تاکو ئەوەی من فێربوومە فێرت بکەم .. باوکی ڕۆیشت خۆی شوشت و جل و بەرگەکەی پاک کردەوەو پاشان ھات ئەمیش ئیسلامی بۆ ڕوون کردەوە، ئەویش موسڵمان بوو .. پاشان (الطفیل) ڕۆیشت بۆ ماڵی خۆی .. خیزانەکەی پێشوازی لێکرد .. فەرمووی: لێم دوور بکەرەوە .. من لە تۆ نیم و تۆیش لە من نیت ..خێزانەکەی فەرمووی: بۆچی؟ لە جێی دایک و باوکمی، فەرمووی: ئیسلام من و تۆی لەیەک جیا کردۆتەوە .. شوێنی دینی محمد (صلى الله عليه وسلم) کەوتووم؟ فەرمووی: دینی من دینی تۆیە .. فەرمووی: بڕۆ خۆت پاک بکەرەوەو پاشان بگەڕێوە بۆ لام .. ئەویش پشتی ھەڵکرد و ڕۆیشت .. بتێکیان ھەبوو ناوی (ژو الشری) بوو .. زۆر بە گەورە دەیانزانی و وایان دەبینی ئەگەر ھەر کەسێ واز لە پەرستنی ئەو بھێنێ ئەوا تووشی سزایەک دەبێت .. ئەو بەستە زمانە لە بتەکە ترسا .. لەوە ترسا ئەگەر ببێتە موسڵمان، ئەوا زیان بە خۆی و منداڵەکانی دەگەیەنێ .. بۆیە گەڕایەوە بۆلای مێردەکەی و فەرمووی: تۆ لە جێی دایک وباوکمی .. ئایا لە منداڵەکان ناترسی کە (ذو الشری) تووشی شتێکیان بکات ..؟ ھەروەکو ووتمان: (ذو الشری) بتێک بوو .. وایان دەزانی ھەرکەسێ واز لەپەرستنی بھێنێ، ئەوا یان خۆی یان منداڵەکانی تووشی شتێک دەبن .. (الطفیل) فەرمووی: بڕۆ .. من دڵنیات دەکەمەوە کە (ژو الشری) زیانیان پێ ناگەیەنێت .. ئەویش ڕۆیشت وخۆی شوشت .. پاشان ئەمیش ئیسلامی بۆ ڕوون کردەوەو ئەویش بووە موسڵمان، پاشان (الطفیل) دەستی کرد بە سوڕانەوە بەناو ھۆزەکەیدا، ماڵ بە ماڵ ئیسلامی بۆیان ڕوون دەکردەوە وە ڕووی زەوی کردە جێگای کۆڕ و کۆبوونەوەکەیان وە لە ڕێگای ئەواندا دەوەستا، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون واز لە بت پەرستی بھێنن ..، پاشان (الطفیل) زۆر پەست بوو ... ڕۆیشت بۆ مەککە چووە خزمەتی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و فەرمووی: ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ھۆزی (دەوس) سەر پێچییان کردو ڕازی نەبوون .. ئەی پَغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) نزایان لێ بکە .. ڕووی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) گۆڕا .. وە دەستی بەرز کردەوە بۆ ئاسمان .. (الطفیل) لەدڵی خۆیدا فەرمووی: ھۆزی (دەوس) بە ھیلاکەتدا چوون .. بینی پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) بەبەزەیی و میھرەبان دەفەرموێ: خوایە ھیدایەتی ھۆزی (دەوس) بدە.. خوایە ھیدایەتی ھۆزی (دەوس) بدە( (رواه البخاري وأحمد، وانظر: صحيح السيرة النبوية: ص216).) .. پاشان ڕووی کردە (الطفیل) و فەرمووی: بگەڕێوە بۆلای ھۆزەکەت و بانگیان بکە بۆ ئیسلام .. نەرم ونیان بە لەگەڵیاندا .. ئەویش گەڕایەوە .. بەردەوام قسەی بۆ دەکردن، تاکو موسڵمان بوون .. ڕۆژگار ڕۆیشت پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) کۆچی دوایی کرد .. (الطفیل) لەگەڵ کوڕەکەی و موسڵماناندا دەرچوون بۆ جەنگ لەگەڵ (مسیلمە الکذاب) دا، لە (یەمامە) خەوێکی بینی .. لە کاتێکدا بەرەو (یەمامە) دەڕوات .. ((بینی .. سەری تەراش کراوەو لەدەمییەوە باڵندەیەک دەرچوو .. وە گەیشتە ئافرەتێک کرایە ناویەوە .. وە بینی کوڕەکەی بە دوایدا دەگەڕێت، پاشان لەیەک جیا بوونەوە)) .. کاتێک لەخەو ھەستا و ئەم خەوەی بۆ ھاوەڵانی گێڕایەوەو فەرمووی: خۆم مانام کردووە .. فەرموویان: بەچی؟ فەرمووی: سەرتاشینەکەم دانانی سەرمە .. ئەو باڵندەیەی کە لە دەممەوە دەرچوو .. ئەوە گیانمە .. ئەو ئافرەتەش کە من کرابوومە ناوییەوە ئەوە زەوییەو تیایدا چاڵم بۆ دەکرێ و بزر دەبم، وە گەڕانی کوڕەکەم بەدوامداو پاشان لێم جیا بووەوە، دەبینم ئەو دەیەوێ و ھەوڵدەدات کە وەکو من شەھید ببێت .. لەو ڕۆژەدا (الطفیل) شەھید بوو (خوا لێی ڕازی بێت) لە (یەمامە) وە کوڕەکەیشی بریندارێکی سەخت بوو، بەڵام لە مردن ڕزگاری بوو .. پاشان ئەویش لە جەنگی (یەرموک) لە سەردەمی ئیمامی (عمر) دا شەھید بوو ....