ژمارەی بینین:

چیرۆكی ئاسیەی كچی مزاحم (بەشی یەكەم)

نوسەر:م. صلاح الدين عبدالكريم
بەروار:٢٠١٢/١٢/١٩

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين، وبعد: لە(أبی هورەیرەوە) ڕەزای خوای لێ بێت دەفەرمووێت: فیرعەون چوار مێخی بۆ خێزانەكەی داكوتابوو بۆ هەردوو دەست و هەردوو پێی، وە كاتێك بڕۆیشتنایەو بەجێیان بهێشتایە فریشتە سێبەریان بۆ دەكرد، ئەویش فەرمووی: ((رَبِّ ابْنِ لِي عِنْدَكَ بَيْتًا فِي الْجَنَّةِ وَنَجِّنِي مِنْ فِرْعَوْنَ وَعَمَلِهِ وَنَجِّنِي مِنَ الْقَوْمِ الظَّالِمِينَ))[التحريم: ١١] .
واتە: ئەی پەروەردگار لای خۆت خانوویەكم بۆ دروست بكەو ڕزگارم بكە لەفیرعەون‌و كردارەكانی وەڕزگارم بكە لەنەتەوەو خەڵكی خراپ.
خوای گەورە ماڵەكەی نیشاندا لە بەهەشتدا.
وەلەسەلمانەوە(ڕەزای خوای لێ بێت )كە دەفەرمووێت:
( خێزانەكەی فیرعەون لەبەر خۆر سزا دەدرا، كاتێك بەجێیان بهێشتایە فریشتە بەباڵەكانی سێبەری بۆ دەكرد وەخانووەكەی دەبینی لەبەهەشتدا.
وەلە أبی رافعەوە دەفەرمووێت: (فیرعەون چوار مێخی بۆ خێزانەكەی داكوتا بوو، پاشان دەستاڕێكی گەورەی لەسەر سكی دانابوو تاكو مرد.
ئاسیە لەكۆشكێكی خۆشدا ژیانی بەسەر دەبرد، خێزانی پیاوێك بوو كە فەرمانڕەوایی میصری دەكرد، وەخۆی زاڵ كردبوو بەسەر خەڵكەكەیدا بەئاسن و ئاگر، خوای گەورە وەسفی ئەو فەرمانڕەواییەو خاوەنەكەی دەكات كە دەفەرمووێت:((إِنَّ فِرْعَوْنَ عَلَا فِي الْأَرْضِ وَجَعَلَ أَهْلَهَا شِيَعًا يَسْتَضْعِفُ طَائِفَةً مِنْهُمْ يُذَبِّحُ أَبْنَاءَهُمْ وَيَسْتَحْيِي نِسَاءَهُمْ إِنَّهُ كَانَ مِنَ الْمُفْسِدِينَ ))[القصص: ٤] .
واتە: فیرعەون لووت بەرزی كرد بەسەر زەویداو سنوری بەزاندو ستەمی كردوو ژیانی دونیای هەڵبژارد بەسەر ژیانی دواڕۆژدا وەپشتی كرد لەگوێڕایەڵی پەروەردگاری هەرەبەرز، وەخەڵكەكەشی دابەش كردبوو بۆچەند بەشێك و چەند پارچەو جۆرێك، هەندێكیانی دەچەوساندەوە كەبریتی بوون لە(بنی ئیسرائیل) كەلەنەوەی (یعقوب) پێغەمبەر بوون(صلى الله عليه وسلم)، كە لەو كاتەدا ئەوان باشترین خەڵكی سەر زەوی بوون، كە ئەم پاشا ستەمكارە كافرە زاڵ ببوو بەسەریانداو كردبوویانی بەكۆیلەو بەكاریانی دەهێنا لەخراپترین كارو پیشەدا، لەگەڵ ئەمەشدا كوڕەكانیانی سەردەبڕی و ئافرەتەكانیانی بۆ تێركردنی ئارەزوەكانی بەكاردەهێنا، بەڕاستی ئەو كەسێكی ئاشوب گێڕو خراپەكاربوو.
وەئەوەی وای لێ‌ كرد ئەم كارە ناشیرینانە بكات ئەوە بوو كە لە خەودا بینی ئاگرێك هات لە (بیت المقدس)ەوە، هەموو خانووەكانی میصرو قبگی سوتاندو زیانی بە (بنی إیسرائیل) نەگەیاند كاتێك بەخەبەر هات ئەم خەوە ترساندی‌و هەموو فاڵچی و جادوگەرەكانی كۆكردەوە و پرسیاری لێ‌ كردن دەربارەی خەوەكەی، ئەوانیش ووتیان منداڵێك لەوان لە دایك دەبێت و تیاچوونی خەڵكی میصر لەسەر دەستی ئەو دەبێت.
بۆیە فەرمانی كرد بەكوشتنی منداڵی كوڕو هێشتنەوەی منداڵی كچ، تا پیاوان و مامانی دەناردو دەگەڕان بەسەر ئافرەتانی سك پڕدا تاكاتی منداڵ بوونیان بزانن، بۆیە هیچ ئافرەتێك كوڕی نابوو ئیلا ئەو سەربڕانە یەكسەر سەریان دەبڕی، وەزیاتر لەیەكێك لەزانایانی تەفسیر دەفەرموون: قبگی گازندەیان كرد لەلای فرعەون لەكەم بوونەوەی (بنی إسرائیل) بەهۆی كوشتنی كوڕەكانیان و مردنی پیرەكانیان، چونكە ئەگەر (بنی إسرائیل) پیاویان نەمێنێت دەبێت ئەمان ئیشی ئەوان بكەن، بۆیە فیرعەون فەرمانی كرد ساڵێك كوڕەكانیان بكوژن و ساڵێكیش نەیان كوژن و وازیان لێ‌ بهێنن، وەدەڵێن (هارون(عليه السلام)) لەساڵی لێبوردنەكە لەدایك بووەو موساش(عليه السلام) لەساڵی كوشتندا لەدایك بووە.
وەدایكی زۆر ترساوەو سك پڕییەكەی شاردۆتەوەو ئاشكرای نەكردووە، وە كاتێك كەموسای بوو(عليه السلام) خوای گەورە بەنیگا فێری كرد كە تابوتێكی بۆدروست بكات بەحەبلێك بیبەستێتەوە ئەگەر لەكەسێك ترسا بیكاتە ناو تابوتەكەوەو بیخاتە ناو دەریاكەوەو لایەكی حەبلەكە لای خۆی بگرێت ( ماڵەكەی لای قەراغی نیل بوو) كەڕۆیشتن ڕایبكێشێت وبیگەڕێنێتەوە، خوای گەورە دەفەرمووێت: ((إِنَّ فِرْعَوْنَ عَلَا فِي الْأَرْضِ وَجَعَلَ أَهْلَهَا شِيَعًا يَسْتَضْعِفُ طَائِفَةً مِنْهُمْ يُذَبِّحُ أَبْنَاءَهُمْ وَيَسْتَحْيِي نِسَاءَهُمْ إِنَّهُ كَانَ مِنَ الْمُفْسِدِينَ ))[القصص: ٧] .
واتە: سروشمان بۆدایكی موسىاى نارد كە شیری پێ‌ بدە وەئەگەر لێی ترسایت ئەوا بیخەرە ناو دەریاكەوەو لێی مەترسێ‌ و خەفەتی بۆ مەخۆ ئێمە خۆمات بۆتی دەگێڕینەوەو دەیكەین بە یەكێك لەپێغەمبەران.
وەئەم سروشە سروشی نیگاو ئیلهام بوو نەك سروشی پێغەمبەرایەتی.
واتە: ڕێنمایی كرا بۆ ئەم شتەو خرایە دڵییەوە كەلێی نەترسیت‌و خەفەتی لێ‌ نەخۆیت، چونكە ئەگەر بیشڕوات خوای گەورە بۆتی دەگێڕێتەوەو دەیكات بەپێغەمبەرو لەدونیاو دواڕۆژدا سەربەرزو سەركەوتووی دەكات.
ئەویش ئەوەی پێی وترا جێ‌ بەجێی كرد بەڵام ڕۆژێكیان خستیە ناو دەریاكەوەو لەبیری چوو لایەكی حەبلەكە لای خۆی ببەستێت بۆیە بەدەریاكەدا ڕۆیشت و بەلای ماڵی فیرعەوندا تێپەڕی (فألتقطهءال فرعون) واتە: كەس و كاری فیرعەون دۆزیانەوە ((فَالْتَقَطَهُ آَلُ فِرْعَوْنَ لِيَكُونَ لَهُمْ عَدُوًّا وَحَزَنًا))[القصص: ٨ ].
واتە: بۆ ئەوەی ببێت بەدوژمن و جێگای خەم و خەفەتیان.
زانایانی تەفسیر دەفەرموون: جارییەكان لەدەریاكە دۆزییانەوە لەناو تابوتێكی داخراو نەیان وێرا بیكەنەوە تاهێنایان و خستیانە بەردەستی فیرعەون (ئاسیەی كچی مزاحم كوڕی عبید كوڕی ریان كوڕی ولید) كە گەورەی میصر بوو لەسەردەمی یوسف پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئەویش كاتێك دەرگای تابوتەكەی كردەوەو پەردەی لەسەر لادا بینی ڕووی دەگەشێتەوە بەو نورە پێغەمبەرایەتییە، كەبینی زۆر خۆشی ویست، كاتێك كە فیرعەون هات ووتی ئەمە چییە؟ فەرمانی كرد بەسەربڕینی بەڵام ئاسیە نەیهێشت‌و فەرمووی: ((قُرَّةُ عَيْنٍ لِي))واتە: بیلبیلەی ڕۆشن كەرەوەی چاوی هەردووكمانە.
فیرعەون ووتی: بۆ تۆ بەڵێ‌، بەڵام بۆ من نەخێر، واتە پێویستم پێی نییە.
پاشان ئاسیە فەرمووی: ((لَا تَقْتُلُوهُ عَسَى أَنْ يَنْفَعَنَا أَوْ نَتَّخِذَهُ وَلَدًا))القصص:9
واتە: مەیكوژن بەڵكو سودمان پێ‌ بگەیەنێت یاخود بیكەینە كوڕی خۆمان (چونكە خۆیان منداڵیان نابوو) وەخوای گەورە سودی پێ‌ گەیاندن، لەدونیادا بەهۆی ئەوەوە هیدایەتی وەرگرت، لەقیامەتیشدا خوای گەورە بەهۆی ئەوەوە كردییە بەهەشتەوە.
((وهم لايشعرون))
واتە: نەیاندەزانی و هەستیان پێ‌ نەدەكرد كەخوای گەورە دەیەوێت چییان پێ‌ بكات بەبەڵای گەورە بۆ فیرعەون و سەربازەكانی.
بەم شێوازە خوای گەورە ویستی فیرعەون دوژمنەكەی موسىاى لەماڵی خۆیدا گەورە بكات و هەستیشی ناكرد كە ئەمە لەپاشەڕۆژدا دەبێت بەدوژمنی.
وەك بڵێی قەدەر دەفەرمووێت: (ئەی پاشای ستەمكار، هەڵخەڵەتاو بەزۆری سەربازەكانی‌و دەسەڵاتی زۆرو فراوانی، ئەوا خوای گەورە كەس ناتوانێت زاڵ بێت بەسەریداو كەسیش ناتوانێت قەدەغەی بكات‌و قەدەرەكانی سەرپێچی ناكرێت، بڕیاری داوە كە ئەو منداڵەی كە تۆ خۆتی لێ‌ دەپارێزیت وبەهۆی ئەوەوە خەڵكێكی زۆرت كوشت كە لەژماردن نایەت، بەخێوكردن و گەورە كردنی ئەم تەنها دەبێت لەماڵەكەی خۆت‌و لەسەر جێگای خۆت بێت، وەپەروەردە ناكرێت تەنها بەخواردن و خواردنەوەی تۆ نەبێت و لەماڵی تۆدا نەبێت، وەتۆ كەبەخێوی دەكەیت و گەورەی دەكەیت لە نهێنییەكەی نازانیت، كەتیاچوونی تۆ دەبێت لەسەر دەستی ئەو بێت، چونكە سەرپێچی ئەو حەقە ئاشكرایە دەكەیت كە ئەو هێناوێتی وئەو سروشە بەدرۆ دەخەیتەوە كە بۆئەو دێت، بۆ ئەوەی تۆو تێكڕای خەڵكی بزانن كەپەروەردگاری ئاسمانەكان‌و زەوی چی بوێت دەیكات، وەهەر ئەو بەهێزو تواناو دەسەڵاتە).